یەکشەممە. مارس 10th, 2026

ترەمپ پەیامێکی توند ئاراستەی عەلی زەیدی دەکات

سەیرکراوە: (12)

بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە ٦٠٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق. لەم سۆنگەیەوە، واشنتن فشاری خستووەتە سەر حکومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گروپانە بپچڕێنێت و هاوکات سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی عێراقیدا سەپاندووە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ تاران. یەکێک لەو ئامانجانەی بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی درۆن بووەتەوە، سەنتەری پاڵپشتیی دیپلۆماسیی بەغدایە کە بنکەیەکی لۆجستییە بۆ دیپلۆماتکارانی ئەمریکا، کە دواترینیان لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا پێکرا. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لە هاووڵاتییانی کرد بەپەلە عێراق جێبهێڵن، و هۆشداری دا لەوەی “ملیشیاکان بەردەوامن لە داڕشتنی پیلان بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە واشنتنەوە هەیە لە سەرتاسەری عێراقدا. لە چوارچێوەی ڕێکارەکانیدا، ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای خستە سەر عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە تۆمەتی قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ ئاراستەکردنی نەوتی عێراق بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی ڕژێمی ئێران. تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵ کراوە و لە بەرژەوەندیی ئێران فرۆشراوە. هەروەها سزاش بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کەرتی نەوتدا سەپێنرا کە پشتگیریی ملیشیاکان دەکەن. ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق. سەرۆک ترەمپ لە پەیامێکدا فشاری خستووەتە سەر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، و هیوای خواستووە سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی “حکومەتێکی دوور لە تیرۆر”. لای خۆشیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە هێڵی نێوان دەوڵەتی عێراق و ملیشیاکان (بەتایبەت دوای تێکەڵبوونیان بە هێزە ئەمنییەکان وەک حەشدی شەعبی) زۆر “لێڵ” بووە، و واشنتن لە ئێستادا چاوەڕوانی “کردارە، نەک قسە” لە بەغدا بۆ داماڵینی ئەو گروپانە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 99 Today: 314 📊 Click Here