تۆم باراک هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ئیدانە دەکات

سەیرکراوە: (1.3K)

نێردەی تایبەتی ئەمریکا هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات؛ وەزارەتی کارەبا: ٢٨٠٠ مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، بە توندی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکە بە ئامانجگرتنی تەواوی گەلی عێراقە، هاوکات پشتیوانیی واشنتنی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ دۆزینەوە و سزادانی بکەرانی ئەم کردەوەیە.

لە پەیامێکدا کە ڕۆژی دووشەممە ٠٩-١١-٢٠٢٦ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەین، کە هێرشێک بوو بۆ سەر گەلی عێراق. پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران زەیدی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە دۆزینەوەی بەرپرسانی ئەم کارە و لێپێچینەوە لەگەڵیاندا.”

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە ٠٨-١١-٢٠٢٦ کاتژمێر ١١:٠٠ـی شەو، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکە لە سنووری قەزای خورماتووەوە ئاراستە کرابوو و بەر ناوچەی کۆگاکان و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان کەوتبوو و بووبە هۆی دروستبوونی ئاگر.

کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند کە ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان نەکەوتووە، بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان، بەرهەمهێنانی گاز بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.

لە لایەکی ترەوە، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان هێرشەکەیان بە “کردەوەیەکی تیرۆریستی” ناvبرد و ئاشکرایان کرد کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی گازەوە ٢٨٠٠ مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و تیمەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە. کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەست بەکاربووە، شادەماری دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 202 Today: 1,444 📊 Click Here