“خزمەتکاری خەڵکی کوردستان دەبین”

سەیرکراوە: (1.2K)

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، خزمەتکاری خەڵکی کوردستان دەبین. بەرژەوەندی و خواستی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، بەرژەوەندی و خواست و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی؛

ساڵی ١٩٧٥ دوای ئەو تاڵاوی شکست و تەمی بێ هیواییەی باڵی سەر کوردستاندا کێشابوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندە پێویست بوو بۆ گەڕاندنەوەی ورە و هیوا و بۆ رێکخستنەوەی خەڵک و جۆشدانەوەی خەباتی مافخوازانە و رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان، ئێستاش دوای ٥١ ساڵ، بە هەمان ئەندازە یەکێتی پێویستە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

بۆ؟

چونکە یەکێتی لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەو هێزەیە هەمووان بە رێزەوە حیساب بۆ هەڵوێست و سیاسەتەکانی دەکەن. هاوپەیمانی بەهێزی هەیە و بە سیاسەتی ژیرانە و حەکیمانە لە قورسترین قەیرانەکاندا و سەخت ترین ساتەوەختەکاندا دەرگا بەڕووی چارەسەردا دەکاتەوە.

ئێستا هەمووان بوونی یەکێتی لە بەغدا وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو عێراق دەبینن.

بۆ ناوخۆی کوردستانیش ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری باوەڕی نەگۆڕی یەکێتییە. ئامانجی یەکێتی لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و دادپەروەری و باشترکردنی خزمەتگوزاری و دۆخی ژیانی هاوڵاتییانە بەبێ هیچ جۆرە جیاوازی دانانێک.

هەر لە سۆنگەی باوەڕمان بە دادپەروەری و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتییان سیاسەتی یەکێتی لەم قۆناغەدا گرنگیدانە بە گەشەپێدانی هاوسەنگ و بووژانەوەی ئابووریی قەزا و ناحییەکان.

وەک پێشتر بەڵێنمان داوە و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە، خزمەتکاری خەڵکی کوردستان دەبین. بەرژەوەندی و خواستی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، بەرژەوەندی و خواست و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

لە یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو شەهیدانی یەکێتی دەکەینەوە و سڵاو دەنێرین بۆ سەرۆک مام جەلال و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و هەموو ئەو هەڤاڵ و ئازیزانەی بە خەبات و تێکۆشانی یەکێتییەوە ماندووبوون.

هەروەها پیرۆزباییەکی گەرم لە هەموو هەڤاڵان و جەماوەری دڵسۆزی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی یەکێتی دەکەین. دڵنیاین یەکێتی بە پشتیوانی و بە خەمخۆری جەماوەرەکەی هەر دەمێنێت و هەر گەشە دەکات و هەر وەک هێزی جێی هیوا و متمانەی خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 180 Today: 716 📊 Click Here