وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دۆخی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە و دابەشکردنی ئاو دەبێتەوە سێ ڕۆژ جارێک.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵک) وتی، “لە ماوەی رابردوودا بەهۆی لەکارکەوتنی سێ پەمپ رێژەی ئاو لە پرۆژەی دووی ئاوی دوکان – سلێمانی کەمیکرد، بەڵام ئەمڕۆ سێ پەمپی نوێ خرانەکار و دۆخی دابەشکردنی ئاو لە ماوەیەکی نزیکدا ئاسایی دەبێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “خستنەکاری ئەو سێ پەمپە گرفتی ئەو گەڕەکانە چارەسەر دەکات، کە بە 7 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا”.
جەختیشی کردەوە، دابەشکردنی ئاو لەو گەڕەکانە دەبێتە سێ ڕۆژ جارێک، لە خراپترین دۆخیشدا دەبێتە چوار رۆژ جارێک.
لە مانگی ڕابردوودا بەشێكی گەڕەكەكانی سلێمانی بەرەوڕووی دۆخێكی سەختی بێ ئاوی بوونەوە و بەهۆیەوە 5 بۆ 7 ڕۆژ جارێك ئاویان پێ دەدرا بەهۆی لەكاركەوتنی ژمارەیەك پەمپ لە پڕۆژەی ئاوی دوكان-سلێمانی/ هێڵی دوو، بەڵام دوای كڕینی سێ پەمپ و بەستی لە دوێنێوە خراونەتە كار و ئەمڕۆ بەتەواوی هەر سێ پەمپەكە كەوتنە كار.
ئەو گەڕەكانەی لە پڕۆژەی دووی ئاوی دوكان-سلێمانی ئاو وەردەگرن زیاتر دەكەونە دەرەوەی شەقامی 60 مەتر مەلیك مەحمود وەك گەڕەكەكانی: گڕگە و ئیبراهیم ئەحمەد و كانی با و كوردسات و هەواری شار و كانی كوردە و چەند ناوچەیەكی دیكە.













Leave a Reply