کۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند، گرێبەستی درێژخایەنی فرۆشتنی گاز بە کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ لە بازیان و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی پۆڵا لە هەولێر واژۆ کردووە ئەوەشی بە دەستکەوتێکی گرنگ وەسف کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان کە گەورەترین کۆمپانیای گازی سروشتی هەرێمیی پشکدارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە کۆمپانیای نەوتی هیلال و پێرڵ پێترۆلیۆم، واژۆکردنی زنجیرەیەک گرێبەستی درێژخایەنیان بۆ فرۆشتنی گاز ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو گرێبەستانە بڕێکی زۆر گازی سروشتیی لە کێڵگەی چەمچەماڵەوە دوای پەرەپێدانی، بۆ بەکاربەرە سەرەکییەکانی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە، ڕۆژانە 142 ملیۆن پێ سێجا گازی پێوانەیی بە چەند کۆمپانیایەکی چیمەنتۆ و ئاسن بۆ ماوەی 10 ساڵ دەفرۆشرێت و دابینکردنی گازەکە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چەمچەماڵ لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027 دەستپێدەکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا کێڵگەی چەمچەماڵ لەژێر پەرەپێداندایە، لەگەڵ پلانی دروستکردنی هێڵی بۆری نوێ لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بۆ گەیاندنی گاز بە بەکاربەرە پیشەسازییەکان لە هەولێر و بازیان، لەنێویاندا هێڵێکی بۆری کە درێژییەکەی 40 کیلۆمەترە و کێڵگەی چەمچەماڵ ڕاستەوخۆ بە بەکاربەرە پیشەسازییەکانی ناوچەی بازیان دەبەستێتەوە.
ڕاشیگەیاند، بە پشتبەستن بە توانای گەورەی کێڵگەی چەمچەماڵ، هاوبەشەکان پابەندبوون بە وەبەرهێنانی 160 ملیۆن دۆلار بۆ لێدانی سێ بیر و دامەزراندنی بنکەی تاقیکردنەوە و دروستکردنی ژێرخانی پاڵپشت وەک ئامادەکاری بۆ قۆناغی پەرەپێدانی تەواوەتی کێڵگەکە.
لای خۆشیەوە مەجید حەمید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هیلال و ئەندامی کارگێڕیی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دانە غاز ڕایگەیاند: “ئەم ڕێککەوتنانە هەنگاوێکی گرنگن لە پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، چونکە بڕێکی زۆر گازی سروشتی پاک بۆ پاڵپشتی گەشەی کەرتی پیشەسازی دابین دەکەن و دەبنە جێگرەوەی سووتەمەنی نەوتی قورس کە زیاتر ژینگە پیس دەکات و تێچووی زۆرترە.”
ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانە غازیش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها پێداویستی وزە دابین دەکات، بەڵکو گەشەی پیشەسازی و هەلی کاری نوێ بۆ کۆمەڵگە و خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان دەڕەخسێنێت.
دانە غاز و نەوتی هیلال لە سەرەتای تشرینی یەکەمی 2025، پڕۆژەی فراوانکردنی گازی کۆرمۆر 250یان لە هەرێمی کوردستان تەواو کرد، کە هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراو بوو.
ئەم پڕۆژەیە توانای چارەسەرکردنی 250 ملیۆن پێ سێجا گازی تری بۆ وێستگەکە زیاد کرد، بەمەش کۆی توانای وێستگەکە گەیشتە 750 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، واتە بە ڕێژەی 50٪ زیادی کرد. وێستگەی گازی کۆرمۆر گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی 80٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
تاوەکو ئەمڕۆ، تێکڕای وەبەرهێنانەکانی هاوپەیمانی پێرڵ پێترۆلیۆم 3.5 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە و کار و چالاکییەکانی بوونەتە هۆی ڕەخساندنی زیاتر لە 20 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا.
