لێدوانی مەسرور بارزانی لەسەر سووتەمەنی و نەوت

سەیرکراوە: (5)

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چەند بڕیارێکی لە بارەی دیاریکردنی نرخی سووتەمەنی و بەنزینی نۆرماڵ دەرکرد، بەڵام بۆ بەنزینی سۆپەر و محەسەن هیچ بڕیارێکی دەرنەکرد.

بەشێکی قسەکانی مەسرور بارزانی:

– گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کۆتاییان نەهاتووە و ترس و دڵەراوکێی بۆ هەموو لایەک دروست کردووە. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانین.

– هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؛ بەڵام بەداخەوە رۆژانە بە درۆن و مووشەک هێرشی دەکرێتە سەر.

– داوامان کردووە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا سیستەمەکەمان بۆ دابین نەکراوە.

– بەشێکی ئەو درۆنانەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرابوون، لە مووسڵەوە ئاراستە کرابوون.

– سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم و دەزانم هەرێمی کوردستان بووەتە بەشێکی ئەو قەیرانانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. من دڵنیام بەمزووانە ئەم قەیرانانەش کۆتاییان دێت.

– داخستنی گەرووی هورمز قەیرانێکی ئابووری لە ناوچەکەدا دروست کردووە و ئامادەین هەموو هاوکارییەکی حکوومەتی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.

– هەموو پابەندییەکانمان بەرانبەر بە حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی مووچە جێبەجێ کردووە، بەڵام دۆخی ناوچەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا دەکەین بەغدا پێداچوونەوە بە بڕیاری پێشووی رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکە بکات.

– لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەیە.

– داوا لە حزبە لایەنە سیاسییەکان دەکەم پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بنێن.

– کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین دەکەین و کارەکانی پڕۆژەی (رووناکی) زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن.

– راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای (دانا غاز) لە کێڵگەی کۆرمۆر، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا. لە رۆژانی داهاتوودا کار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز دەکەین.

– قەیرانی ناوچەکە کاریگەریی کردووەتە سەر نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان.

– ئێمە داوامان لە بەغدا کردووە، پشکی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی دابین بکات.

– رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین دەکرێت و داوا دەکەین 70 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە وەک پشکی هەرێمی کوردستان، دابین بکرێت.

– داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە پێداچوونەوە بە نرخی بەنزیندا بکات و چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی بەنزین بکرێت.

– تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیاری نەکراوە و لەمڕۆوە وەک پارتی ئامادەین لەگەڵ هەر لایەنێک کۆببینەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

– بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز، داهاتی حکوومەتی عێراقیش زۆر کەمبووەتەوە، پێش ئێستا رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیلی هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا رێژەیەکی زۆر کەمتر هەناردە بکات؛ بەڵام سەرەڕای ئەوە دابینکردنی مووچە لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 271 Today: 2,264 📊 Click Here