یەکشەممە. مارس 10th, 2026

لە بارەی مووچە دڵنیایی دەدرێت

سەیرکراوە: (6)

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە سەرەڕای ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت و ڕێکاری توندیان بۆ ڕێکخستنی حەواڵەی دەرەکی گرتووەتە بەر. عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی “سین” لە بەغداد ئاماژەی بەوە کرد کە مووچەی مووچەخۆران گرەنتی کراوە و نابڕدرێت. ڕوونیشیکردەوە کە بەپێی یاسا، بانکی ناوەندی ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قەرز بداتە حکومەت، بەڵام لە ڕێگەی کڕینی قەواڵە داراییەکانەوە لە سنوورێکی ڕێگەپێدراودا هاوکاری حکومەت دەبن بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان و هەرکاتێک پێویست بێت پشتیوانی دارایی دەبن. بانکی ناوەندی ڕێکاری فراوانی گرتووەتە بەر بۆ ڕێکخستنی گواستنەوەی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی وڵات. عەلاق جەختی کردەوە کە دڵنیایی تەواویان داوەتە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، گەنجینەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدراڵی لەبارەی دروستی پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی پارە. هەروەها ئاشکرای کرد کە پێشتر بڕی 14 ملیار دۆلاریان هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا 4 ملیار دۆلار دەهێنن کە بە میکانیزمێکی ورد بۆ گەشتیاران تەرخان دەکرێت، هاوکات فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ بەردەوام دەبێت. سەرەڕای دڵنیاییەکانی بانکی ناوەندی، ئابووری عێراق کە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە. بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز، جموجۆڵی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە بەندەری بەسڕە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. پێشتر هەفتانە زیاتر لە 5 کەشتی دەگەیەشتنە بەندەرەکە، بەڵام ئێستا لەسەر ئاستی مانگانە تەنیا 2 بۆ 4 کەشتی هاتوچۆ دەکەن، ئەمەش وەک ئاستەنگێک لەبەردەم بازرگانیکردن بە نەوت و دابینکردنی داهات لە کاتی ئێستادا دەبینرێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 22 Today: 205 📊 Click Here