کولتووری دانوولە کوڵاندن لە گوندەکانی هەولێر بەردەوامە

سەیرکراوە: (131)

لە دوای تەواوبوونی وەرزی دروێنەکردنی گەنم و جۆ، گوندنشینان دەست بە ئامادەکردنی ساوەر، بڕوێش و گەنمەکوتا دەکەن؛ ئەو خواردنانەی کە بۆ ماوەی سەدان ساڵ وەک زەخیرەی سەرەکی زستان بەکارھاتوون. ھەرچەندە ژیانی مۆدێرن هەندێک گۆڕانکاریی لە ژیاندا کردووە، بەڵام ھێشتا ئەم کولتوورە کۆنە لە زۆرێک لە گوندەکان پارێزراوە و ساڵانە خەڵک بە ھەمانشێوەی باب و باپیرانیانەوە ئەنجامی دەدەن.

دروستکردنی ساوەر بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕدەبێت، سەرەتا جۆرێکی باش و پاکی گەنم ھەڵدەبژێردرێت و لە ناو مەنجەڵی گەورە دەکرێت کە بە (مەنجەڵی دانوو) ناسراوە، دوای پڕکردنی مەنجەڵەکە لە ئاو، ئاگری لە ژێردا هەڵدەکرێت و بۆ ماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێر بەردەوام دەبێت، لەم ماوەیەدا کەسێکی شارەزا چاودێری پرۆسەکە دەکات تاکو گەنمەکە بە تەواوی نەرم ببێت و ئامادەی قۆناغی دواتر دەبێت.

دوای کوڵاندن، گەنمەکە دەگوازنەوە بۆ سەر زەوییەکی تەخت و پاک کە پێشتر بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکراوە. جاران ئەم کارە بە سەتڵ و سەبەت ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا لە ھەندێک شوێندا عارەبانە جێگای گرتووەتەوە، گەنمە کوڵاوەکە بە شێوەیەکی یەکسان لەسەر زەوی ھەڵدەخرێت و بەردەوام ھەڵدەگێڕدرێتەوە تا بەهۆی تیشکی خۆر و با، تەواو وشک دەبێتەوە، ئەم قۆناغە یەکێکە لە گرنگترین ھەنگاوەکان، چونکە کوالێتیی کۆتایی ساوەر پەیوەستە بە باش وشکبوونەوەی گەنمەکە.

لە گوندی عەلیاوەی سەر بە شارەدێی شەمامک لە شارۆچکەی دەشتی ھەولێر، ھێشتا ژمارەیەک خێزان ئەم پیشە و نەریتەیان پاراستووە. یوسف محەمەد، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە، ساڵانە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی خەریکی گەنم کوڵاندن دەبێت و ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لەو ساوەرە وەک پێداویستی هەڵدەگرن و بەشێکی دیکەش دەفرۆشن هەر بۆیەش چەند تۆنێک گەنمی ئامادەکردووە تا لە ڕێگای کوڵاندنەوە بیکاتە ساوەر.

یوسف محەمەد کە خاوەنی ئاشێکی کۆنن و بۆخۆی و منداڵەکانی پیشەی ئاشەوانییان لە باپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە، ئاماژەی بە پڕۆسەی دروستکردنی ساوەر کرد و وتی: “سەرەتا گەنمێکی باش دەکڕین، ئەمساڵ بەھۆی بارانێکی چڕ و پڕەوە، گەنمەکان توندتر و جوانترن بەراورد بە پارساڵ، ئەگەریش گەنم باش بێت ئەوا کاریگەریی لەسەر ڕەنگ و تامی ساوەرەکە دەبێت، بۆیە ئەمساڵ ھاوشێوەی ساڵانی پێشوو، نزیکەی ٥٠ تۆن گەنممان کڕیووە و لە ڕێگای پڕۆسەی کوڵاندن و هاڕینەوە دەیکەین بە ساوەر و بەشێکی کەم لەم ساوەرە وەک پێداویستی ماڵەوە ھەڵدەگرین و بەشە زۆرەکەش دەفرۆشین، ئەم کارەمان لە باوک و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە و بەردەوامیشین”.

ئەم ھاووڵاتییە، دوو ئامێری تایبەتی بە پڕۆسەکە لە دەرەوەی وڵات کڕیووە و ئەمەش بەشێکی سەختییەکانی کارەکەی بۆ کەم کردووەتەوە بە جۆرێک ئامێری یەکەم بریتییە لە بۆرییەک، کە سەرێکی بۆرییەکە لەناو گەنمە ھەڵڕێژراوەکە جێگیر دەکرێت و لە سەرەوەش دەرچەیەکی ھەیە کە فەردەیەکی بە پێوە ھەڵدەواسرێت، لە ناوەڕاستدا ئامێرێک ھەیە لە شێوەی دەمانچە، کە گەنمە لە ڕێگای ڕاکێشانەوە دەگوازێتەوە بۆ دەرچەی بۆڕییەکە و بەمشێوەیە فەردەکە پڕ دەبێت لە گەنم و پاشان ئەم فەردەیە دەگوازنەوە بۆ لای ئەو مەنجەڵانەی کە بۆ کوڵاندنی گەنم بەکاریدەھێنن.

یوسف محەمەد لەمبارەیەوە وتی: “لەسەرەتای مانگی حوزەیران بە دواوە دەست دەکەین بە کوڵاندنی ئەو گەنم، بۆ ئەم مەبەستەش، لە کاتەکانی شەودا مەنجەڵە گەورەکان ئامادە دەکەین پڕی دەکەین لە ئاو، ھەروەھا فەردە گەنمەکانیش لە نزیک مەنجەڵەکان دادەنێین، کاتژمێر سێی بەرەبەیان ھەڵدەستین و ئاگر لە ژێر مەنجەڵەکان دادەگیرسێنین و ھەر مەنجەڵێک پێنج فەردە گەنمی تێدەکەین و بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر چاودێریی دەکەین، پاشان لە ڕێگای سەتڵ و مەنجەلی بچووەکەوە، دەیگوازینەوە بۆ سەر زەوییەکی پاک و ھەڵیدەخەین بۆ ئەوەی وشک بێتەوە، بە گشتی پڕۆسەی وشکبوونەوە دەکەوێتە ڕۆژی دواتر”.

بۆ ھەڵگرتنەوەی گەنمەکە، سوود لە ئامێرێک دەبینن بەناوی grain vacuum harvester، ئەم ئامێرە ھاوشێوەی ئۆتۆمبێلێکی بچووک، لە لەسەر چوار تایەی بچووک جێگیرکراوە و لە ڕێگای ماتۆڕێکەوە ساوەرەکە ھەڵدەمژێت، پاشان لە ڕێگای لێدانی ھەوا ساوەرەکە پاکدەکاتەوە و ئینجا بەشێوەیەکی تۆماتیکی دەیخاتە ناو ئەو فەردەیەی کە لەدواوەی ئامێرەکە شوێنی تایبەتی بۆ کراوە و کەوتووەتە ژێر دەرچەی دواوەی ئامێرەکە، پاشان لە ڕێگای ئامێرێکی دیکەوە، فەردەکە بە داوێکی توند دەدوورێتەوە.

یوسف محەمەد لەبارەی ھەڵخستن و کۆکردنەوەی گەنمەکە وتی: “دوای ئەوەی گەنمەکەمان ھەڵخست، بۆ ڕۆژی دواتر لێیدەگەڕێین تا بە تەواویی لە ڕێگای تیشکی خۆر و با، گەنمەکە وشک دەبێتەوە، ئینجا لە ڕێگای ئامێرێکی تایبەت گەنمەکە لەسەر زەوی ھەڵدەگرینەوە و لەناو فەردەی پەنجا کیلۆیی دەکەین و پاشان دەیگوازینەوە بۆ ئاشی خۆمان و لەوێ دەیکەین بە ساوەر و ئینجا دەیفرۆشین”.

کەشوھەواش ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم پرۆسەیەدا. باران یان شێداریی زۆر دەتوانێت ھەموو ماندووبوونەکانیان بخاتە مەترسییەوە، بۆیە خەڵکی گوند پێش دەستپێکردنی کار، بە وردی چاودێری دۆخی کەشوھەوا دەکەن. ئەم پیشەیە ھەرچەندە سەختە، بەڵام بۆ زۆرێک لە خێزانەکان ھێشتا بەشێکە میراتی کولتووریی ناوچەکەیان و پەرەی پێدەدەن.

دوای تەواوبوونی قۆناغی کوڵاندن و وشکبوونەوە، گەنمەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئاش، لەوێ لە ڕێگای هاڕینەوە دەکرێتە ساوەر یان گەنمەکوتا و ئەمە بەشێکە لە کولتووری ژیانی ڕۆژانەی بەشێک لەو خەڵکانەی کە نیشتەجێی گوندەکانن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 194 Today: 1,092 📊 Click Here