مەسرور بارزانی و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختیان لە گرنگیی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو باشترکردنی دۆخی دارایی و زیادکردنی داهاتی گشتیی عێراق کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی و هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
ڕوونیشیکردەوە کە “هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە”.
لە ڕاگەیەدنراوەکەدا هاتووە کە هەردوولا “هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو باشترکردنی دۆخی دارایی و زیادکردنی داهاتی گشتیی عێراق لە چوارچێوەی برەودان بە جموجۆڵی بازرگانی و پاراستنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”.
لە دیدارەکەدا جەختیان لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.














Leave a Reply