گەشسەندنەکان کۆتایی بە دڵەڕاوکێی دارایی نەهێنا

سەیرکراوە: (5.7K)

ڕاستگۆ محمد سەعید

ئەگەر سەیری شاشەی میدیاکان و گوتاری فەرمیی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بکەیت، وا هەست دەکەیت کوردستان گۆڕاوە بۆ یەکێک لە پڵنگە ئابوورییەکانی ئاسیا. ڕۆژ نییە باس لە کۆنفرانسی وەبەرهێنان، چاکسازیی بازرگانی، مۆڵەتی پڕۆژەی گەورە و هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان نەکرێت. “ئابووریی ڕاگەیاندنەکان” هێندە گەشاوە و بێخەوشە کە مرۆڤ شەرم دەکات لەناو ئەم هەموو خۆشگوزەرانییەدا دەستکورت بێت. بەڵام کاتێک لە تەلەفزیۆنەکەت دوور دەکەویتەوە و تەماشای ناو جانتای پارەکەت یان بازاڕی دەکەیت، ڕووبەڕووی واقیعێکی تەواو جیاواز دەبیتەوە.

کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت سەرکەوتنی ئابووری لە ڕێگەی ژمارەی هۆڵە لوکسەکانی کۆنفرانس و واژۆکردنی گرێبەستەکانەوە بپێوێت، لە کاتێکدا هاوڵاتیی ئاسایی ئابووری تەنها بە یەک پێوەر دەپێوێت: هێزی کڕین. کاتێک نرخی کاڵا سەرەکییەکان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هاوڵاتی ناچارە بۆ کڕینی پێداویستیی ڕۆژانە دەیان حیساب و کتاب بکات، ئیتر گەشەی ئابووری سەر کاغەز چ مانایەکی هەیە؟ سەرکەوتنی ئابووری کاتێکە کە خەڵک هەست بە ئارامیی دارایی بکەن، نەک کاتێک کە لێدوانی دڵخۆشکەر لەسەر شاشەکان ببینن.

گەورەترین نیشانەی شکستی ئەم “پەرەسەندنە ڕاگەیەندراوە” لە دوو خاڵدا کورت دەبێتەوە: یەکەم، پرسی مووچە هێشتا وەک مۆتەکەیەک و کێشەیەکی نادیار ماوەتەوە و فەرمانبەر نازانێت مانگی داهاتوو چی بەسەر دێت. دووەم، سەرەڕای هەموو بانگەشەکانی گەشەکردنی کەرتی تایبەت، هێشتا گەنجان ناچارن لە دەرگای دامەزراندنی حکومی بدەن، چونکە کەرتی تایبەت نەبووەتە حەشارگەیەکی ئارام بۆ دابینکردنی دواڕۆژیان. کاتێکیش هیچ کام لەمانە بەدی نایەت، تاکە بژاردە کە بۆ گەنج دەمێنێتەوە، جێهێشتنی نیشتمان و گەڕانە بەدوای هەلی کاردا لە هەندەران. ئابوورییەک نەتوانێت هێزی کڕینی هاوڵاتییەکەی بپارێزێت و گەنجەکانی لە کۆچکردن ڕاگرێت، ئابوورییەکی سەرکەوتوو نییە، بەڵکو تەنها نمایشێکی میدیایی سەرکەوتووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 135 Today: 1,869 📊 Click Here