واشنتۆن گەمارۆیەکی توندی دۆلار دەخاتە سەر بەغدا تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ و بەوهۆیەشەوە بەهای دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە.
کەناڵی (الحدس) لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاشکرای کردووە، کە ئەمریکا ڕەوانەکردنی دۆلاری بۆ بانکی ناوەندیی عێراق بەتەواوی ڕاگرتووە.
سەرچاوەكە وتوشیەتی، “ئەم هەنگاوە وەک گوشارێکی توند لێکدەدرێتەوە و تا کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە بەغدا بەردەوام دەبێت”.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، واشنتۆن هەموو کۆبوونەوەکانی هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ عێراق هەڵپەساردووە. ئەمریکا مەرجی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان داناوە؛ دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە بەرپرسن لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکەی لۆجیستیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
بڕیارەكەی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق لە بەیانییەوە تاكو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهای دۆلاری بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزكردۆتەوە و هەر 100 دۆلار نزیكەی 1000 دیناری چۆتەسەر.
لای خۆشیەوە، ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهای دۆلار لە 153 هەزار و 600 دینارەوە بەرزبۆتەوە بۆ 154 هەزار و 300 دینار.
