دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بە فەرمی سکاڵایەکی یاسایی دژی ڕاسپاردنی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق وەرگرت و بڕیارە تاوتوێی بکات، بە پاساوی ئەوەی کە ناوبراو مەرجە دەستووری و یاساییەکانی بەربژێرکردنی بۆ ئەم پۆستە باڵایە تێدا نەبووە.
سکاڵاکە لە لایەن رائید مالیکی، مافناس و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دژی سەرۆک کۆماری عێراق تۆمارکراوە.
تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە ٢٠ـی ساڵی ٢٠٢٦ کراوە کە تایبەت بوو بە ڕاسپاردنی زەیدی وەک بەربژێری پێکهێنانی کابینەی نوێی وزاری.
ئەم کێشە یاساییە لە کاتێکدایە کە عەلی فالح زەیدی لە ١٤ـی ئایاری ڕابردوودا لە ناو پەرلەمان متمانەی پێدرا و حکومەتەکەی بە فەرمی دەستبەکاربوو.
رائید مالیکی لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیاکان ڕوونیکردەوە، کە تانەدان لەم مەرسوومە کۆمارییە پشتبەستووە بە چەند سەرپێچییەکی دەستووری، لەوانە نەبوونی “ئەزموونی سیاسی” پێویست، چونکە بەپێی مادەکانی ٧٧ و ٦٨ لە دەستووری عێراقدا، دەبێت سەرۆکوەزیران هەمان مەرجەکانی سەرۆککۆماری تێدابێت.
مالیکی ئاشکراشی کرد، کە بنەمایەکی تری گرنگی نێو سکاڵاکە پەیوەندی بە “بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانەوە” هەیە، بەو پێیەی زەیدی خاوەنی کۆمپانیای بازرگانییە و تا ئێستا دەستبەرداری پشکو بەرژەوەندییەکانی نەبووە، ئەمەش بە تەواوەتی پێچەوانەی مەرجەکانی یاسای دەستەی دەستپاکی عێراقە بۆ ئەو کەسانەی پۆستی باڵای سیادی وەردەگرن.
دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگەیاندووە، کە ڕۆژی ١ـی تەمووزی داهاتووی دیاریکردووە بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی فەرمیی دادبینیکردن لەسەر ئەم کەیسە.










Leave a Reply