.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ نێودەوڵەتیکردنی کەیسی پێشێلکارییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی داکۆک هەنگاوێکی گەورەی نا بە ڕێکخستنی چالاکییەکی ئاشتیانە. تایبەتمەندی ئەم چالاکییە ئەوە بوو کە لە یەک کاتدا و پێکەوە لە حەوت شاری جیاوازی بەریتانیا (لەندەن، بێرمینگام، مانچستەر، لیدز، نیوکاسڵ، گلاسگۆ و کاردیف) دەستی پێکرد. هەموو بەشداربووان لەژێر چەتری یەک ناونیشاندا کۆبوونەوە: ‘لە سەردەشتەوە بۆ شێروان، مێژوویەکی ڕەش لە تیرۆر و زیندان’، بۆ گەیاندنی دەنگی زیندانیانی سیاسی.
ڕووماڵى چالاکیەکە لە شارەکانى بێرمینگهام و لیدز
لە تەواوی ئەو شارانەدا بە یەک کات پەیامی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە، کە تێیدا هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) بە توندی سەرکۆنە کران بەهۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستانیان کردووەتە زیندانێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران. زیندانیکردنی شێروان شێروانی و سزادراوانی بادینان وەک بەڵگەی ئەو سەرکوتکارییە ئاماژەیان پێکرا. هەروەها، لەم چالاکییە هاوکاتەدا، وەفاداری بۆ خوێنی سەردەشت عوسمان دووپاتکرایەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٠ لە هەولێر تیرۆر کرا، و داوای بەدواداچوونی جدی و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی کرا.
لێدوانى تایبەت
لە پاڵ ئەمانەدا، بابەتێکی تری گەرم کە لە حەوت شارەکەدا باسی لێوەکرا، پرسی دادپەروەری بوو. بەشداربووان بە دەنگی بەرز دادگاکانی هەرێمیان شەرمەزار کرد کە گوێڕایەڵی مەرامە حیزبییەکانن. ئەم خۆپیشاندانە مەبەستی بوو فشارێکی گەورە دروست بکات تا سیستەمی دادوەری لەژێر سێبەر و کاریگەری بڕیاری پارتە سیاسییەکان بێتە دەرەوە.
