لەندەن — لە ڕێپێوانێکی بەرفراواندا کە لەلایەن ڕێکخراوی داکۆکەوە ڕێکخرابوو، سەدان کەس لە نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و هەڵسووڕاوانی ڕەوەندی کوردی لە شاری لەندەن کۆبوونەوە. ئەم چالاکییە وەک ناڕەزایەتییەکی توند ئاڕاستەی پاشەکشەی پڕۆسەی دیموکراتی و دادپەروەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لێدوانى بەشداروان بۆ مایک کورد پرێس
بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخەران، ڕێپێوانەکە بەپێ لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو باڵوێزخانەی عێراق دەستی پێکرد. بەشداربووان لە ژێر دروشمی «بەرەو کۆتایی پێهێنان بە ستەمکاری حوکمڕانی بنەماڵەیی لە کوردستان!» جەختیان لەسەر کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتی کردەوە:
- کۆتاییهێنان بە حوکمی بنەماڵەیی: ڕەتکردنەوەی پەکخستنی دامەزراوەی پەرلەمان، شەرمەزارکردنی درەنگکەوتنی ئنقەستی پێکنەهێنانی حکومەت و ڕاگرتنی زەوتکردنی ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک.
- سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری: ئیدانەکردنی دەستتێوەردانی هەژموونی حیزبی و بنەماڵەیی لە بڕیارەکانی دادگاکاندا و داواکاری بۆ گەڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ دەسەڵاتی دادوەری.
- ڕەتکردنەوەی هەژموونی دەرەکی: بەشداربووان جەختیان لە سەروەری بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ناوچەکەیان لەسەر پارتە حوکمڕانەکان بە توندی ئیدانە کرد.
- قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەک لە ململانێ ناوخۆییەکان: داواکرا بەیەکجاری بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە حیزبییەکان ڕابگیرێت.
هوتاف بەشداربوان
لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، ڕێکخراوی داکۆک ڕایگەیاند کە پەیام و داواکارییەکانی ئەم چالاکییە دەگەیەننە دەزگا پەیوەندیدارەکانی بەریتانیا، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەوروپا، بە مەبەستی دروستکردنی گوشاری نێودەوڵەتی لەپێناو چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان.











Leave a Reply