من چەند كەسێك دەناسم، دڵنیام ئێوەش دەیانی تر دەناسن، كە قسە بۆ كامێرا دەكەن، خۆیان لێ ون دەبێت و هەرچی بەدەمیاندا بێت نایگێڕنەوە، ئیتر دوای ئەوە بە دەیان لێدوان و پۆزش و رونكردنەوە، پینەوپەڕۆی لێدوانەكەیان پێناكرێت.
ئەم خوی (عیشقی كامێرا) یە لە (فۆبیای كامێرا) زۆر ترسناكترە، فۆبیای كامێرا كەسی بەرامبەر ناوەستێت و لەدەست پەیامنێر و كامێرامانەكان رادەكات، وەك سیاسەتمەدارە راستەقینەكان.. بەڵام عاشقانی خۆدەرخستن و خۆنواندن و لێدوان لەبەردەم زومی كامێراكان نەخۆشیەكی دەروونیە وەك ئەوەی كامێرا ئاوێنەیەك بێت و تەنها یەك كەس دەربخات ئەویش كەسی قسەكەرەكە خۆی بێت، بۆیە زمانی هەرچی بڵێت مێشكی نایگێڕێتەوە، ئەوسا قسەكانی تەنها لەدەمەوە دەردەچن..
ئەم پەتایە هەندێك سیاسەتمەدار و دیبلۆماتكاری گرتۆتەوە كە كامێرا بەنجیان دەكات، حەزەكانیان بۆ وتن و خۆدەرخستن و دەنگ هەڵبڕین زۆروتن و ناماقوڵی (نا مەعقولیەت) بە تایبەت لە هەندێك بابەتدا كە خەڵكی سادەش دەزانن ئەو قسانە درۆ و دەلەسەن، بەڵام لای ئەم ناساغانە ئارامبەخشە تا ئەو كاتەی لێكەوتەی قسەكان و لێدوانەكان لەناو خەڵكدا بڵاودەبنەوە!!
ئەی باشە ئەم كەسانە بۆ لەبەردەم ئەو ئامێرەدا خۆیان دەدۆڕێنن، رەنگبێ ئەو بابەتەش كە خەباتی بۆ دەكەن بیكەن بە قوربانیی چەند ساتێكی دەركەوتن و خۆدەرخستن و پیاهەڵدانی پەیامنێرێك یان پێشكەشكارێك و فیكە و چەپڵەرێزانی كۆمەڵە كەسانێك كە ئەهلی گۆڕانكاری سیاسەت نەبن، یان كۆمەڵێك خەڵكی ناودار و سیاسەتمەدار بچنە بنكڵێشەی كەسێك تا لەبەردەم ئامێری پەخشدا دەردەدڵی راستەوخۆو هەڵەیەك بكات، ئەم هەڵەیە میللەت باجەكەی بدات و لای هەموان ئاشكرابێت كە شارەزاترین پینەچی سەرزەوی نەتوانێت ئەو قۆرتەی كاك فڵان یان شەبەقەكەی دەیخوڵقێنێ چاك بكرێت یان راست ببێتەوە، یان پڕ ببێتەوە.
گەورەترین كێشەی قسە نەزانەكان كە لێیان دەقەومێت پەخشی راستەوخۆیە، ، لە پەخشدا كەس ناتوانێت بۆیان بپۆشێت، یان لە تۆماركراودایە و كە راوێژكارەكان و نزیكەكانی كاكی قسە نەزان داوا لە كەناڵەكە دەكەن، بەڵكو لە هەندێك حاڵەتدا هەڕەشە دەكەن و هەندێك جاریش دەپاڕێنەوە كە ئەو لێدوانە بڵاو نەبێتەوە، یان دەستكاری بكەن و جوانكاری بۆ بكەن، ئەمەش لە كۆتاییدا بە بڕێك پارە یان بەرتیل یان دیاریی گرانبەها دەبێت، ئەگەر نەشتەرگەریی جوانكاری بۆ لێدوانەكە كاری خۆی بكات و ئەو شەكرەی كە ناوبراو شكاندویەتی تیمار بكرێت، ئەوسا زیانەكانی تەنها بۆ خۆیەتی نەك كەسانی تر، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەكانی تردا باج و خەراج و نرخی لێدوانەكەی شەكرشكێن كەسانی تر دەیدەن.
دەیان حاڵەتی لەم جۆرە لە جیهاندا و لەلای خۆشمان لە ساڵانی رابردوودا تۆمار كراون، لە بری ئەوەی ناوبنرایە (شەكرشكاندن) ناویان ناوە (زوڵمی كامێرا).
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت. كاروان ئەنوەر
