یەشار ستار ئەحمەد
لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی کۆندا، دەسەڵاتداران بۆ خامۆشکردنی توڕەییی جەماوەر و لادانی سەرنجیان لەسەر داڕمانی سیاسی، پشتیان بە هاوکێشەی «نان و سێرک» دەبەست—واتە نانێکی کەم بۆ مانەوە و نمایشێکی بەردەوام بۆ سەرقاڵبوون؛ بەڵام لە حوکمڕانیی هاوچەرخی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە سایەی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا، تەنانەت ئەو نانە کەمەش کورتکراوەتەوە بۆ قەیرانی هەمیشەییی مووچە و گوزەران،
لە کاتێکدا شانۆ سیاسییەکە بێئەملاوئەولا بەردەوامە. هاوڵاتییانی کوردستان لە ناو خولگەیەکی بەتاڵ و بێکۆتاییدا بەند کراون کە تێیدا کێشە پێکهاتەیییە قووڵەکان—لە ئیفلیجبوونی پەرلەمان، دواکەوتنی بێئامانجی پێکهێنانی حکومەت، داڕمانی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکان، تا مەترسییەکانی سەر بژێویی ڕۆژانە—بە نادیاری دەهێڵدرێنەوە، کەچی ڕای گشتی بەبەردەوامی بەرەو جەنجاڵیی بچووکتر و کێشمەکێشی بێبایەخ ئاڕاستە دەکرێت تا تەمەنی بێکارەیی دەسەڵات درێژتر بێتەوە. ئەم جیاکردنەوە بەپلانییەی هۆشیاریی گشتی لە واقع، پرسیارێکی جەوهەری و ترسناک دەقوڵێنێتەوە: ئایا داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت سەرنج بخەنە سەر چیڕۆکە لاوەکی و دروستکراوەکان، تەنها لەبەر ئەوەی چیڕۆکە سەرەکییەکە—کە بریتییە لە فەشەلی سەرتاپایی سیستمی حوکمڕانی—بووەتە بابەتێک کە چینی سیاسی توانای ڕوونکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیی نییە؟
کاتێک دەسەڵاتدارێک نەتوانێت وەڵامی ئەوە بداتەوە بۆچی دوای دەیان ساڵ هێشتا کارەبای بەردەوام و ئاوی خواردنەوە و مووچەی ڕێکخراو وەهمی بێهودەن، پەنابردن بۆ خولقاندنی ژاوەژاوی ڕۆژانە دەبێتە تاقە چەکی مانەوە؛ بەڵام ئەم شانۆگەرییە ژەهراوییە تا سەر ناچێتەسەر، چونکە کاتێک چیڕۆکە سەرەکییەکە داڕمانی ژیانی خەڵک بێت، هیچ نمایشێکی سیاسی ناتوانێت تاریکیی ناو ماڵەکان و برسییەتیی سفڕەکان بپۆشێت.













Leave a Reply