پۆلیسی هیندستان هێرشی کردە سەر چەندین بازاڕ و گەڕەکی نیشتەجێبوون و پیاوانی موسڵمانی دەستگیرکرد لە ویلایەتەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی نەتەوەپەرستی هیندۆسیی سەرۆک وەزیران نارێندرا مۆدی.
ماڵی هەندێکیان ڕووخێندران، ئەویش تزوانی زۆربەیان یەک شت بووە: نووسینی دەستەواژەی “محەمەدم خۆش دەوێت”ە لەسەر پۆستەر، تیشێرت یان لە بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە ئاماژەیە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بەرامبەر پێگەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت.
دەسەڵاتدارانی هندستان دەڵێن ئەم دەربڕینە سیستەمی گشتی دەخاتە مەترسییەوە. تا ئێستا لانیکەم ٢٢ دۆسیە لە دژی زیاتر لە ٢,٥٠٠ موسڵمان تۆمار کراوە. نزیکەی ٤٠ کەس لە ویلایەتە جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بهاراتیا جاناتا (BJP) دەستگیر کراون.
چی ڕوودەدات؟
لە ٤ی ئەیلوول، موسڵمانانی شاری کانپور لە ویلایەتی ئوتار پرادێشی باکوور جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەریان (مەولوود)یان دەگێڕا، کاتێک گەڕەکێکی تابلۆیەکی گەورەی هەڵواسی کە لەسەری نووسرابوو “محەمەدم خۆش دەوێت”.
بەڵام ئەو تابلۆیە بووە هۆی ناڕەزایەتی هەندێک لە دانیشتوانی هیندۆسی ناوچەکە. لە سەرەتادا ناڕازییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تابلۆکە نوێگەرییەکە لە ڕێوڕەسمێکی ئاهەنگیی نەریتیدا، چونکە هاوشێوەی ئەو تابلۆیانە بووە کە لە سەریان دەنووسرێت “نیویۆرکم خۆش دەوێت”، لەبەر ئەوەی یاساکانی ویلایەتی ئوتار پرادێش ڕێگە نادات شتی نوێ بۆ ئاهەنگە ئایینییە گشتییەکان زیاد بکرێت، بۆیە ڕێگریی لە تابلۆ ئیسلامییەکەش کراوە. نزیکەی ٢٠٪ی دانیشتووانی هەرێمەکەش موسڵمانن.
لەسەر بنەمای سکاڵاکان، پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ کەس دەرکرد بە تۆمەتێکی قورستر کە هاندانی دوژمنکاری بوو لەسەر بنەمای ئایینی، کە سزای ئەو تۆمەتە لە ئەگەری ساغبوونەوەیدا دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن.
ڕووداوەکەی کانپور ڕەخنەی بەرفراوانی سەرکردە سیاسییە موسڵمانەکانی لێکەوتەوە و بوونە هۆی ناڕەزایی دژی ڕێکارەکانی پۆلیس و ناڕەزایەتییەکە ویلایەتەکانی دیکەشی گرتەوە، لەوانە تێلانگانا لە باشوور، گوجەرات و ماهاراشتر لە ڕۆژاوا، و ئوتراخاند و جامو و کەشمیر لە باکوور. دروشم و پۆستەرەکانی “محەمەدم خۆش دەوێت” لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبوونەوە، هەر لە ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تا تیشێرتەکان.
لە دووری نزیکەی ٢٧٠ کیلۆمەتر لە کانپورەوە، لە شاری باریلیی ویلایەتی ئوتار پرادێش، موسڵمانان بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکدا کردبوو کە لە لایەن مامۆستایەکی ئایینی ناوچەکەوە بانگەوازی بۆ کرابوو.
پۆلیس بە هەڵمەتێکی دەستگیرکردن وەڵامی دایەوە و ٧٥ کەسی دەستگیرکرد، لەنێویاندا ئیمام تەوقیر ڕەزا و خزم و یاریدەدەرانی کە بانگەوازی بۆ خۆپیشاندانەکە کردبوو، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لانیکەم ماڵی چوار کەس لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەیان ڕووخاند.
لە ساڵانی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی هندستان ماڵی سەدان موسڵمانی دیکەیان ڕووخاندووە کە زۆرجار بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەبێ فەرمانی دادگا ئەنجام دەدرێت.
دادگای باڵای هیندستان ئاماژەی بەوەداوە کە ڕووخاندن نابێت وەک سزایەک لە دەرەوەی یاسا بەکار بهێنرێت و هۆشداری داوە کە دەبێت دەسەڵاتداران پێش ڕووخاندنی هەر موڵکێک ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەربکەن. سەرەڕای ئەوەش، چالاکوانان دەڵێن زۆرجار ئەم بابەتە لەسەر زەوی پشتگوێ دەخرێت.
