شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات کە پلەکانی گەرما دابەزن و لە هەندێک ناوچەش ئەگەری بارانبارین هەیە.
ئەمڕۆ هەینی، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند: پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ حەوت پلە دابەزیوون، لە شەممەشەوە زیاتر دادەبەزن، ئەمەش بەهۆی هاتنی بایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاست.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە شەوی یەکشەممەوە، لە سنووری پارێزگای دهۆک و باڵەکایەتی نمە باران دەبارێت و تاوەکوو کاتژمێرێک زیاتر بەردەوامی دەبێت، هاوکات بە شەوانیش کەش بەرەو ساردی دەڕوات.
ئەو کەشناسە باسی لەوە کرد، بەرزترین پلەکانی گەرما، لە ڕۆژدا لە گەرمیان 26 دەبێت و لە حاجی ئۆمەران 14 پلە دەبێت.
ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سبەینێ، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.
