سەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، دەمانەوێت حكومەتی هەرێم لە ئاست داواکاری و خواستی هەموواندا بێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر نەک لێکترازان و دەشڵێت: خەمی ئێمە لە بەغدا خەمی خەڵکی کوردستانە.
نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی بڵاویكردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە پاتریک دۆرێڵ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق کرد.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتیی رایگەیاند، یەکێتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار و دادپەروەر بووە، کە بتوانێت لە ئاست داواکاری و خواستی هەموواندا بێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر نەک لێکترازان.
دەشڵێت: بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش هەموو هەوڵێکمان داوە و ناشمانەوێت لە دەرەوەی ئەم بەها باڵایانە هەنگاوێک بنێین کە دواتر بە زیان بۆ گەلەکەمان بشکێتەوە، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەمان داوە دەبێت رەنگبداتەوە لە حکومەتی داهاتوودا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عیراق کرایەوە و بافڵ تاڵەبانی وتی، “خەمی ئێمە لە بەغدا خەمی خەڵکی کوردستانە، بۆیە بەهێزی یەکێتی لە بەغدا بەهێزی پێگەی کورد و پاراستنی مافە رەواکانی گەلەکەمانە”.
