شارەزایەکی ئابووری هۆشداری لە قەیرانێکی گەورەی دارایی لە عێراق دەدات و دەڵێت”دابەزینی نەوت قەیرانێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە”.
نەبیل مەرسومی، شارەزا و لێکۆڵەری ئابووری، بڵاویکردەوە، قەیرانێکی دارایی بەڕێوەیە، ئەمەش لەسەرەتای دابەزینێکی توندی نرخی نەوتی جیهانی دەستپێدەکات، وە پێوەرە ئابووریەکان نیشانەی قۆناغێکی ئابووریی سەختن ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەنرێت.
مەرسومی ئاماژەی بەوەداوە، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی 61 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە، لەگەڵ پێشبینییەکانی دابەزینی بۆ خوار 60 دۆلار لە ماوەی داهاتوودا، ئەم دابەزینە وادەکات عێڕاق گرفتی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەبێت.
مەرسومی ڕوونیشیکردۆتەوە، بەردەوامبوونی ئەم دابەزینە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی بۆ ئاستێکی مەترسیدار، کە ئەمەش فشارێکی گەورە دروست دەکات لەسەر بودجەی گشتی.
جەختی لەوەشکردەوە، عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم ئاستەنگێکی ڕاستەقینەی ئابووریدایە، و داوای لە حکومەت کرد کە پلانی تۆکمەی هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، لەگەڵ گرنگیدان بەوەی زیان بە چینی هەژار و کەم داهاتەکان نەگەیەنرێت، کە ئەوان یەکەم کەس دەبن کە کاریگەرییان لەسەر دەبێت.
