وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دوای پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2026، مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ عێراقدا هاوتا دەکرێت و کەمترین مووچەیان بۆ 250 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: “هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانمان ڕادەستی بەغداد کردووە، بۆ ئەوەی کار لەسەر زیادکردنی مووچەکانیان بکرێت و کەمترین مووچەیان ببێت بە 250 هەزار دینار”.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد: حکومەتی فیدراڵی داوای لیستێکی کردووە بۆ زانینی جیاوازیی دارایی پڕۆسەکە تا بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکات.
وتیشی: “بەغداد داوای لیستێکی لێکردووین بەوەی دوای زیادکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان جیاوازییەکە دەبێتە چەند بۆ ئەوەی تەرخانی دارایی بۆ بکرێت”.
کوێستان محەمەد دەشڵێت: ئەم گۆڕانکاری و زیادکردنە بەستراوەتەوە بە پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراقەوە و دەکەوێتە دوای پەسەندکردنی بودجەی 2026ی عێراق”.
لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 72 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت مانگانە هاوکاریی دارایی لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن و هەموویان بەم بڕیارە سودمەند دەبن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دابوو، بەڵام هێشتا پرسی هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە چارەسەر نەکراوە.
