جوانڕۆ عەزیز ئەحمەد – چالاکوان
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنی ناکۆکی و ئاڵۆزی سیاسی بووە، لەگرنگترین ئەو ناکۆکیانە، ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێرانە کەزەق و ئاڵۆز بووە، ساڵ بەساڵ ناکۆکییەکان تۆخترو خراپتر بووە، مێژووی ناکۆکیان دەگەڕێتەوە بۆ دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩۷۹ کە سیستەمی سیاسی وڵاتەکە گۆڕا، لەدوای شۆڕش چەندین بابەت هۆکاربوون بۆ توندبوونی ناکۆکیەکان، بەرنامەی ناوەکی ئێران، سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا، پەیوەندی ئێران لەگەڵ گروپی سەربازی،
سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم هۆکارانە وایان کرد کە ئەو پەیوەندیەی نێوان ئەمریکا و ئێران تێک بچێت، گومان و ناکۆکی سیاسی دروست ببێت.
لەو نێوانەدا هەڕێمی کوردستان شوێنێکی ستراتیژی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەکەوێتە باکووری عێراق وە هاوسنورە لەگەڵ ئێران، لە عێراق هێزی سەربازی ئەمریکا هەیە بەهۆی شەڕی دژ بەداعش کەڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، بۆیە هەر ناکۆکی و گرژی و ئاڵۆزیەک لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا ڕوبدات ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە دەبێت، بەتایبەت هەرێمی کوردستان ئەو گرژی و ئاڵۆزی و هێرشە موشەکیانەی لە ڕابردوو و ئێدتا دەکرێنە سەری دەرخەری ئەوەن هەرناکۆکیەک کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.
لەو نێوەندەدا هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات پەیوەندییەکی سیاسی باشی هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەرچەندە لەڕابردوو و ئێستاشدا سیاسەتێکی ژیرانەیان نەکردووە بەهۆی کیشە سیاسیە ناوخۆیەکانی هەردوو حیزبی گەندەڵی دەسەڵاتداری (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و (پارتی دیموکراتی کوردستان) بۆیە هەرناکۆکیەک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕووبدات پێویستی بە سیاسەتێکی ژیرانە هەیە کە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا بێت، چونکە هەر هەڵەیەکی سیاسی کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵاتییەکان دەبێت.
هەرێمی کوردستان پشت بە نەوت و بازرگانی دەبەستێت بۆیە دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن کەشێکی ئارام بڕەخسێنن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنی بیانی، هەرچەندە چەند ساڵێکە لەڕووی ئابووریەوە لە دۆخێکی خراپدایە بەهۆی ئەو کێشە سیاسیەی لەگەڵ عێڕاقدا هەیەتی، نەتوانراوە زیاتر سود لە سەرچاوەکانی تری وەک (کشتوکاڵ، گەشتیاری، پیشەسازی) وەربگیرێت، بۆیە هەر ئاڵۆزی و نا ئارامیەک لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و بازرگانی و گەشتوگوزار، ئەم هۆکارانە دەتوانن کاریگەریان لەسەر داهاتی حکومەت و ژیانی ئابووری خەڵک هەبێت، وە ترس و دوو دڵی بکەوێتە ناو کۆمەڵگا و هاوڵاتی ئاسایی ببێتە قوربانی.
لە کۆتیدا پێم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی دوو حیزبی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دایە بەهۆی شەڕی دەسەڵات و بنەماڵە و پاشکۆبوونیان بۆ وڵاتانی زلهێز و ناکۆکیان لەگەڵ حکومەتی عێراق نەتوانراوە سیاسەتێکی ژیرو دیبلۆماسیانە بکەن کە کەشێکی ئارام و سەلامەت بڕەخسێنن بۆهاوڵاتیان لەکاتی بوونی هەر ئاڵۆزی و ناکۆکیەک لە ناوچەکەدا، چونکە ناکۆکی مەترسی دروست دەکات وە هەندێ کات دەرفەتیش دروست دەکات بۆیە پیویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ژیرانە بەکاربهێنن کە لە بەرژەوەندی هەرێمەکەدا بێت لەو کاتانەدا.
