پ . د . سەعید عەلی محەمەد
ئەم تایتڵە لەوانەیە سەیر بێت، بەڵام ئەوە ڕاستییە تاڵەکەیە کە دەبێت بیڵێین: زۆرێک لە زانایان و وتاربێژەکانمان ئەمڕۆ پێویستیان بەوەیە بگەڕێنەوە بۆ زانست و بۆ خوێندن و فێربوون.
مەبەستمان ئەوە نییە کە ئەوان زانستی شەرعیان نییە، مەبەستمان ئەوەیە وازیان لە فێر بوون و خوێندنەوەی قوڵ هێناوە، یان لە یەک زانستدا وەستاون لە سەردەمێکدا کە پێویستی بە چەندین زانست هەیە.
کەموکوڕییەکە ڕوونە و دەکرێ بە زانستیی بپێورێت:
یەکەم/ کەموکوڕی و لاوازی مەعریفی.
وتاربێژی ئەمڕۆ دەم لە ئابووری دەکوتێ و یەک کتێبی لە ئابووریدا نەخوێندووەتەوە، باس لە دەروونناسی دەکات و جیاوازی نێوان خەمۆکی و دڵەڕاوکێ نازانێت، باس لە پزیشکیی دەکات و جیاوازی نێوان ڤایرۆس و بەکتریا نازانێت، باس لە سیاسەت دەکات و مانای دەوڵەتی مۆدێرن نازانێت.
ئەنجامەکەی: وتارێکی ڕووکەش، هەمان بیرۆکە دووبارە دەکاتەوە، بیست ساڵە هەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە.
دووەم/ کەموکوڕی مەنهەجیی.
زانستی مۆدێرن لەسەر پرسیار و لێکۆڵینەوە و بەڵگە و پێداچوونەوە وەستاوە، بەڵام وتاری بانگەوازییمان زۆر جار لەسەر دەنگی بەرز و هاوار و سۆز و چیرۆکی کاریگەر وەستاوە، بەبێ بەڵگە و ئامار و لێکۆڵینەوە. ئێمە لە دوو خولەکدا ڕای خۆمان لەسەر کێشەیەکی ئاڵۆز دەدەین، لە کاتێکدا توێژەرێکی زانستی پێویستی بە دوو ساڵە بۆ ئەوەی لێی بکۆڵێتەوە.
سێیەم/ کەموکوڕی زمان و دەربڕین. جیهانی ئەمڕۆ بە زمانی زانست قسە دەکات، بە زمانی ژمارە، بە زمانی عەقڵ.. وتاربێژەکەمان هێشتا بە زمانی سەدەی ڕابردوو قسە دەکات، تەنها بە زمانی وەعزو ئامۆژگاریی، بۆیە گەنج گوێی لێ ناگرێت، خوێندەوار باوەڕی پێ ناکات و، کاریگەریی لەسەر کەس نیە تەنها ئەوەنەبێ لە هەمان ئاستی خۆیدایە.
چارەسەری زانستیی چییە؟ چارەسەر لە زیادکردنی ژمارەی وتارەکاندا نیە ، بەڵکو چارەسەر ئەوەیە وتاربێژەکەمان دووبارە بنیاتی مەعریفیی و زانستیی خۆی بکاتەوە.
1 — بنیاتنانەوەی مەعریفیی تۆکمە.. تەنها فیقهـ خوێندن بەس نییە، دەبێت دەروونناسیی، کۆمەڵناسیی ، ئابووریی ، ڕاگەیاندن و کولتووری هاوچەرخ بخوێنێت ، چونکە خەڵکی ئەمڕۆ تەنها ناپرسن : ئەمە حەڵاڵە یان حەرامە؟ بەڵکو دەپرسن : چۆن بژیم ؟ چۆن منداڵەکانم پەروەردە بکەم ؟ چۆن سەرکەوتوو بم ؟ چۆن لەگەڵ دڵەڕاوکێدا بەرەنگار ببمەوە ؟
2 — بنیاتنانەوەی مەنهەجیی فێر ببێت چۆن لێکۆڵینەوە بکات، چۆن لە فەرموودە دڵنیا ببێتەوە، چۆن ئامارێک بخوێنێتەوە، چۆن بیرۆکەیەکی زانستی بەبێ ترس و دوودڵی تاوتوێ بکات.. لە گێڕانەوەو گوازەرەوەی قسەو ڕیوایەتەوە بگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنەری مەعریفە.
3 — خۆپێگەیاندنی بەردەوام. زانست لە سەردەمی ئێستاماندا هەر پێنج ساڵ جارێک دوو هێندە زیاد دەکات و نوێ دەبێتەوە.. ئەی چۆن وتاربێژێک کە ماوەی بیست ساڵە لە پەیمانگا یان زانکۆ دەرچووە یان مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە واز لە خوێندنەوە دەهێنێت؟ هەندێک جار بە درێژایی ساڵێک کتێبێک لە پسپۆڕیی و بوارەکەی خۆیشیدا ناخوێنێتەوە؟؟لەڕاستیدا زەرورە زانا و وتاربێژان بەرنامەو پلانی خوێندنەوەی ساڵانە و خولی ڕاهێنان و پێداچوونەوەی زانستیان هەبێت، وەک پزیشکان و ئەندازیاران.
بێ گومان کێشەکە لە لاوازی ئیماندا نییە، لە خاڵی بوونەوەی هەگبە زانستیەکەدایە. ئێمە ئێستا پێویستمان بە وتاربێژی زیاتر نییە، پێویستمان بە زانستە بۆ وتاربێژ، پێویستمان بە دەنگی بەرزتر نییە، پێویستمان بە عەقڵێکی قووڵترە، پێویستمان بەکەسێک نییە کە لەسەر مینبەر بمانگرێنێت، پێویستمان بەوەیە کە فێرمان بکات چۆن لە دوای ئەو بژین.
ئەگەر زاناکانمان و مەلاکانمان ئامادە نەبن فێر ببن و بونیادی مەعریفی خۆیان بکەنەوە، شایەنی ئەوە نین یان ناتوانن خەڵکی تر فێر بکەن. ئەگەر وتاربێژ نەخوێنێتەوە، شایەنی ئەوە نییە گوێی لێ بگیرێت.
گەڕانەوەی زانایان و وتاربێژان بۆ زانست، خۆشەویستییەکی فیکری نییە، پێویستییەکی شەرعیی و ئانیی سەردەمەکەیە، چونکە نەزانین بە ناوی دینەوە، لە نەزانینی خۆی مەترسیدارترە.















Leave a Reply