پێنجشەممە. نیسان 2nd, 2026

جەنگ گورزی لە بازاڕی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی دوبەی داوە

سەیرکراوە: (18)

سەرەڕای ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها کەمتر لە 10%ی تێکڕای فرۆشی زۆربەی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلە لوکسەکان پێکدەهێنێت، بەڵام لە ڕووی قازانجەوە بە یەکێک لە گرنگترین بازاڕەکان دادەنرێت. ئەمەش بەهۆی پشتبەستنی کڕیارانی کەنداو بە “داواکارییە تایبەتەکان” و زیادکردنی تایبەتمەندییە دەگمەنەکان کە نرخی ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەکەنەوە.

بەڵام ئەمڕۆ ئەم بازاڕە زیندووە بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێراندا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بووەتەوە، ئەویش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی لوکس خۆیان بەدەست سستیی داواکارییەوە دەناڵێنن لە چەندین بازاڕی سەرەکی جیهاندا.

پێش هەڵگیرسانی جەنگ و لە شوباتی ڕابردوودا، کۆمپانیای ڕۆڵز ڕۆیس بەرهەمێکی زۆر تایبەتی لە مۆدێلی “فانتۆم” بە ناوی Arabesque ئاشکرا کرد، کە بە تایبەت بۆ کڕیارێک لە دوبەی دیزاین کرابوو.

ئەم ئۆتۆمبێلە بە داپۆشەری بزوێنەرەکەی دەناسرێتەوە کە بە لێزەر نەخشی تەلارسازی عەرەبی لەسەر هەڵکۆڵدراوە، لەگەڵ ناوەوەیەکی دارین کە هەمان شێوازی هەیە.

نرخی سەرەتایی، نزیکەی 572 هەزار دۆلارە، بەڵام بە زیادکردنی تایبەتمەندییە دەگمەنەکان لەلایەن دەوڵەمەندەکانی کەنداوەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی نرخەکەی بۆ دوو هێندە یان سێ هێندەی نرخی بنەڕەتی بەرز ببێتەوە.

ڕۆڵز ڕۆیس کە سەر بە گرووپی BMWی ئەڵمانییە، تەنها هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی جەنگ، دووەم پێشانگای خۆی لە دوبەی کردەوە؛ ڕێک پێش ئەوەی هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بۆ سەر ئێران و پاشان وەڵامدانەوەی ئێران بۆ سەر کەنداو، ناوچەکە بخاتە ناو دڵەراوکێیەوە.

“فرانك شتیڤن ڤالایزەر”، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بێنتلی، پێشتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە “باشترین بازاڕی جیهان” وەسف کردبوو بۆ ئۆتۆمبێلە لوکسەکان، بەڵام بارودۆخەکە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی شوبات بە خێرایی گۆڕا.

بە هۆی جەنگەکەوە زۆرێک لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلە لوکسەکان لە کەنداو دەرگاکانیان بە شێوەیەکی کاتی داخست و کۆمپانیاکانی وەک فێراری و مازێراتی پرۆسەی ڕادەستکردنی ئۆتۆمبێلیان لەم مانگەدا هەڵپەسارد.

لە دوبەی، دوای کردنەوەی دووبارەی پێشانگاکان، چالاکییە بازرگانییەکان بە ڕێژەی 30% کەمی کردووە

سەرەڕای قەیرانەکە، داواکاری لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی نرخەکەیان لە 1.4 ملیۆن دۆلار زیاترە هێشتا جێگیرە. تەنانەت هەندێک لە کڕیاران بڕی30 هەزار یۆرۆ تەنها بۆ گواستنەوەی ئۆتۆمبێلە 7 ملیۆن دۆلارییەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات خەرج دەکەن.

کۆمپانیاکانی وەک لامبۆرگینی، بێنتلی، فێراری، جاگوار لاند ڕۆڤەر، و پۆرشە بە وریاییەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن، بە هیوای ئەوەی ململانێکان زوو کۆتایی پێ بێت.

“ئۆلیڤەر بلۆم”، سەرۆکی گرووپی فۆڵکسواگن، جەختی کردەوە کە فرۆشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قازانجێکی زۆر بەرز بەدەست دەهێنێت، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە بێگومان جەنگ کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەم بازاڕە ستراتیژییە دەبێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 171 Today: 2,771 📊 Click Here