ئەحمەد جەلال ئەحمەد
کاتێک زلهێزەکان لەسەر مێزی قومارەکەیان ڕێک دەکەون، تەنها شتێک کە وەک باج لەسەر مێزەکە جێیدەهێڵن، خوێنی ئەو میللەتانەیە کە بوونەتە گۆڕەپانی یارییەکانیان! ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتنی ئاگربەستیان کرد و لە شەڕێکی وێرانکەر کشانەوە کورد و عێراق بکەین کە لەم یارییە قێزەونەدا بوونە سووتەمەنی ؟ لە کاتێکدا مووشەکەکانی ئێران و درۆنەکانی ئەمریکا و میلیشیاکان بارەگای پێشمەرگە، ماڵی هاوڵاتیانی سڤیل و تەنانەت کونسوڵخانە و ماڵی سەرۆکی هەرێمیشیان کردە ئامانج ، ئەمڕۆ هەردوو زلهێزەکە تەوقە لەگەڵ یەکتر دەکەن و سەرکردە ترسنۆکەکانی بەغدا و هەولێریش لەبری داواکردنی قەرەبوو و خوێنی قوربانییەکان، لەسەر شاشەکانەوە “پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکەن” و دەستخۆشییان لێ دەکەن ! ئایا سوکایەتییەک هەیە لەوە گەورەتر بێت کە بکوژەکانت ئاشت ببنەوە و تۆش چەپڵەیان بۆ لێ بدەیت بێ ئەوەی بوێریی ئەوەت هەبێت بپرسیت “ئەی کێ باجی وێرانکردنی ماڵەکەی من دەدات؟”
کڕنۆشبردن بۆ ئەو شمشێرەی کە دوێنێ ملی براکەی پەڕاندیت، لوتکەی کۆیلایەتیی سیاسییە! (وەک چۆن ڕابەری شۆڕشی هیندستان، مەهاتما گاندی بەوردی دەڵێت: “گرنگ نییە کە بکوژەکە ناوی چییە و لە چ بەرەیەکە؛ کاتێک دەوڵەتێک ناتوانێت یان نایەوێت تۆڵەی قوربانییەکانی بستێنێتەوە، ئەوا خۆی دەبێتە گەورەترین هاوبەشی تاوانەکە.”) ئەمڕۆ حکومەتی عێراق و کابینەکەی هەرێم ڕێک ئەم هاوبەشە بێدەنگەن. لە ماوەی ئەم جەنگەدا کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نەبوو، خەڵکی سڤیل و هێزە ئەمنییەکان شەهید بوون ، کەچی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و بەیاننامە شەرمەزارکەرەکانی هەرێم تەنها وشەی “ئیدانەکردن”یان لەدەم دێتە دەرەوە و ناتوانن یەک سکاڵای یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دژی ئەم پێشێلکارییانە تۆمار بکەن . منداڵە لوسکەکانی دەسەڵات و بەرپرسە فەنتەڵۆسەکان زۆر باش دەزانن کە داواکردنی خوێنی قوربانییەکان واتە توڕەکردنی تاران یان واشنتۆن، بۆیە پێیان باشترە خوێنی هاوڵاتیی هەژار ببێتە ئاو، بەس بۆ ئەوەی کورسی و کۆشکەکانی خۆیان سەلامەت بن.
کاتێک نیشتمان دەبێتە سندوقی پۆستەی نامە خوێناوییەکانی نێوان وڵاتان، ئیتر مۆری سەروەری تەنها بۆ گاڵتەجاڕییە! ئەمریکا و ئێران پەیامەکانی خۆیان لەسەر جەستەی عێراق و کوردستان بۆ یەکتر نووسی، و ئێستاش کە نامەکان گەیشتن و ڕێککەوتن، ئێمە ماینەوە و وێرانەیەک کە ناوی نیشتمانە . ئەو ئاگربەستەی کە بێ قەرەبووکردنەوە و سزادانی تاوانباران بەسەر ئێمەدا دەسەپێنرێت، ئاشتی نییە، بەڵکو مۆڵەتێکە بۆ ئەوەی بکوژەکان پشوو بدەن تا بۆ جەولەی داهاتوو جارێکی تر بێنەوە سەر خاکەکەمان. ئەی ئەو سەرکردانەی کە تەنها لە کاتی کۆکردنەوەی باج و بڕینی مووچەدا خۆتان بە “حکومەت” دەزانن، چۆن دەتوانن سەیری چاوی دایکی ئەو قوربانییانە بکەن کە لە شەڕی وەکالەتیی بێگانەکاندا گیانیان لەدەست داوە ؟
ئیدی بێدەنگی لە ئاست ئەم سوکایەتییەدا، مردنێکی هێواشە! ئەی ئەو گەلەی کە خوێنی ڕۆڵەکانتان بووەتە کاڵایەکی بێبەها لە بازاڕی ڕێککەوتنی زلهێزەکاندا، هاوار بکەن بە ڕووی ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکەدا کە تەنانەت بوێریی داواکردنی مافی مردووەکانیشی نییە! ئەو مێزە بڕووخێنن کە لەسەری چەپڵە بۆ ئاگربەستی بکوژەکانتان لێ دەدرێت. تا ئەو کاتەی ئەم فەنتەڵۆسانە نوێنەرایەتیتان بکەن کە وڵاتیان کردووەتە زبڵدانی کێشەی بێگانەکان، ئێوە هەرگیز سەلامەت نابن. حکومەتێک کە نەتوانێت باجی خوێنی قوربانییەکانی لە دوژمن بسەنێتەوە، تەنها شایەنی ئەوەیە لەسەر شەقامەکانەوە ڕاماڵرێت و فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!
سەیرکراوە: (508)
