پێنجشەممە. نیسان 16th, 2026

مۆبایل بکوژێکی بێدەنگ

سەیرکراوە: (27)

حیکمەت ئەنوەر هەڵەبجەیی

مرۆڤ لە مێژووی دوور و درێژی خۆیدا، گەلێک داهێنانی سەرسوڕهێنەری ئەنجامداوە بۆ ئەوەی ژیان ئاسانتر بکات، بەڵام هیچ کامیان وەک مۆبایل نەبوونەتە جێگرەوەی خودی مرۆڤ و هەڕەشە بۆ سەر بوونی. ئەم ئامێرە بچووکەی ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێکدا لەگەڵمانە، لە ڕووی کاریگەری و وێرانکارییەوە لە بۆمب بەهێزترە؛ چونکە ئەگەر بۆمبەکان شارەکان خاپوور بکەن، ئەوا مۆبایل ژێرخانی ئەخلاقی، دەروونی و کۆمەڵایەتی نەتەوەکان هەڵدەتەکێنێت. مۆبایل داهێنانێکە کە هیچ احساس و هەستێکی نییە، بەڵام توانیویەتی بە جۆرێک دڵ و مێشکمان داگیر بکات کە هەستمان بۆ هەموو شتێک لاواز بکات و تەنها خۆی ببێتە قیبلەنومای هەستەکانمان.

ئەم بکوژە بێدەنگە کاتێک هاتە ناو ژیانمانەوە، کۆمەڵکوژییەکی بێوێنەی لە جیهانی مادی و مەعنەویدا ئەنجامدا؛ ئەو تەنها پەیوەندییەکان کورت نەکردەوە، بەڵکو تەلەفۆنی زەوی کوشت، کۆمپیوتەر و ڕادیۆ و سەتەلایتی وەک ئامێری بێکەڵک نیشاندا، و تەنانەت سەعاتی دەستی و ئاوێنە و گڵۆپیشی لەبەردەم شەوقی شاشەکەیدا بێبایەخ کرد. ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و کتێبەکان کە زمانی ڕۆشنبیری بوون، لەبەردەم ئەم لافاوەدا خنکان و مۆبایل وایکرد مرۆڤ تەنها ببێتە بینەرێکی بێئیرادە نەک خوێنەرێکی تێفکر بەدیار لاپەڕەکانەوە. کاریگەرییە وێرانکەرەکانی مۆبایل تەنها لە سنووری ئامێرەکاندا نەوەستایەوە، بەڵکو چووە ناو قووڵایی پیرۆزترین یەکەی کۆمەڵگە کە خێزانە. چەندەها ژن و پیاوی لە ڕووی پەیوەندی ڕۆحیی متمانەوە کوشت و پەیوەندییە گەرمەکانی کردە ساردترین وێنەی دیجیتاڵی.

مۆبایل بووەتە دیوارێک لەنێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا، خۆشەویستی نێوان تاکەکانی هەڵوەشاندەوە و پیاوەتی و زیرەکی و داهێنانی لەژێر سێبەری خەیاڵەکاندا وێران کرد. قوتابیانی لە سەرکەوتن و لێکۆڵینەوە دوورخستەوە و وایلێکردن وەک پەڕەیەک بن لەبەردەم ڕەشەبایەکی بێڕەحمدا کە نازانن بەرەو کوێیان دەبات. ئەم ئامێرە هەنگاو بە هەنگاو چاومان دەبات و بەرەو کوێربوونمان دەبات، نەک تەنها کوێربوونی جەستەیی، بەڵکو کوێربوونی مێشک و تێگەیشتن. جەستەی مرۆڤی تێکشکاند و بە دانیشتنی بەردەوام و چەمانەوەی مل و فەقەرات، مرۆڤی لە بوونەوەرێکی ڕێکەوە کردە بوونەوەرێکی کەنەفت.

مەترسییە گەورەکە لەوەدایە کە مۆبایل خەریکە مێشکمان دەکوژێت و ناسنامە و کولتوورمان دەگۆڕێت بۆ شتێکی بێ مانا، ئەو بەڕێوەیە بۆ لەناوبردنی نەوەی نوێمان ئەگەر ئەمڕۆ بە ئاگا نەیێینەوە. ئەگەر کۆنتڕۆڵی خۆمان و نەوەکانمان نەکەین، ئەم ئامێرە ئاوەزمان لاواز و دڵمان سیس دەکات، بە جۆرێک کە هیچ قورساییەک بۆ مرۆڤایەتیمان نامێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، کاتێک نەوەی نوێ لەناو ئەم تەمەدا بەئاگا دێنەوە، پەشیمانییەکی زۆر دایان دەگرێت و بەشوێن ڕێگایەکی ڕزگاربووندا دەگەڕێن، بەڵام لەو کاتەدا ڕەنگە زۆر درەنگ بێت؛ چونکە کۆمەڵگەی بێ هەست و بێخاوەن بەرەو پوکانەوە دەچێت. جیهانی نوێ چیتر پێویستی بە شەڕ و چەک نابێت بۆ کوێرکردنەوەی نەتەوەکان، چونکە هەر تاکێک خۆی بە دەستی خۆی و بە ئامێرەکەی، خەریکی کوشتنی کات و مێشک و داهاتووی خۆیەتی.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 116 Today: 2,251 📊 Click Here