یەکشەممە. مارس 10th, 2026

ئاسمانێکی بێ خاوەن و زەوییەکی ڕەق و تەق

سەیرکراوە: (7.7K)

ئەریڤان بەهادین لەتیف

وەک خانوویەکی بێ دەرگا کە هەر ڕێبوارێک بیەوێت پێڵاوەکانی تێدا دەردەهێنێت و هەر دزێک بیەوێت تاقیکردنەوەی چەکەکانی تێدا دەکات، هەرێمی کوردستانیش بەمجۆرە بووەتە گۆڕەپانێکی بێ پاسەوان بۆ ململانێ هەرێمییەکان. کاتێک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، موشەکەکانی ئێران دووبارە ئاسمانی هەولێر دەپێکن و شەقامەکانی پایتەخت دەکەنە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەکانیان ، ئێمە وەک بینەرێکی بێدەسەڵات لە خوارەوە وەستاوین، چاوەڕێین بزانین ئایا ئەمجارەیان پارچەی ئاسنە سوورەوەبووەکە لە کام گەڕەک یان ماڵی کام هاوڵاتیی مەدەنی دەکەوێتە خوارەوە. ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئاسایش تیایدا بووەتە تەنها وشەیەک بۆ ڕازاندنەوەی وتاری بەرپرسان، لە کاتێکدا هاوڵاتی لە ژێر ئاسمانێکدا دەخەوێت کە هیچ سەروەرییەکی تێدا نەماوە، و وڵاتەکەی بووەتە سندوقی پۆستە بۆ گۆڕینەوەی نامەی ئاگریینی نێوان تاران، واشنتۆن و تەلئەبیب.

ئەم بێدەسەڵاتییە لە پاراستنی ئاسمان و زەوی، دەرەنجامی قەدەری جوگرافی نییە، بەڵکو بەرهەمی سروشتی ئەو سیستمەیە کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی خستووەتە پێش بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو. کاتێک دەسەڵاتێک سەرقاڵی دابەشکردنی خاڵە سنوورییەکان بێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، چیتر ناتوانێت بڵێت “نەخێر” کاتێک هەمان ئەو وڵاتانە دەیانەوێت سنوورەکانی ببەزێنن.

(وەک چۆن ئیبن خەلدون دەڵێت: “ستەمکاری و نادادی، نیشانەی وێرانبوونی شارستانییەت و ئاوەدانییە”) — ئەمەش هەمان ئەو دۆخەیە کە لە لوبنانی سەدەی ڕابردوو و ئەمڕۆدا دەیبینین، کاتێک حیزبە ناوخۆییەکان وڵاتەکەیان کردە بارمتەی هێزە هەرێمییەکان بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان، و لە ئەنجامدا لوبنان بووە گۆڕەپانی شەڕی وڵاتانی تر کە تێیدا خەڵکی ئاسایی باجی خوێنیان دەدا لە کاتێکدا سەرکردەکان لە کۆشکەکانیاندا پارێزراو بوون. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە سەرکردەکانی لوبنانیش بێباکترن؛ ئەوان لە جیاتی بنیادنانی هێزێکی بەرگری نیشتمانی کە بتوانیت لانیکەم ڕێگری لە درۆنێک بکات، خەریکی قووڵکردنەوەی ئەو زەلکاوە ئەمنییەن کە تێیدا تورکیا لە باکوورەوە و ئێران لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕۆژانە سەروەریی خاکیان دەبەزێنن.

ئەم سیاسەت کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وەک پاڵەوانی نەتەوەیی خۆیان نیشان دەدەن و باسی “سەقامگیریی بێوێنەی کوردستان” دەکەن، لە ڕاستیدا وەک پڵنگە کاغەزییەکان وان؛ کاتێک دێتە سەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرێکی بێچەک، پڕچەکترین و دڕندەترین هێزن، بەڵام کاتێک موشەکێکی بالیستی ماڵی هاوڵاتییەکانیان خاپوور دەکات، تەنها بەیاننامەیەکی شەرمنانەی ئیدانەکردن لە گیرفانیاندا ماوە. ئەوان نیشتمانیان کردووەتە ناوخۆییەکی بێ دەوڵەت، کە تێیدا میلیشیاکان و وڵاتانی دراوسێ زیاتر لە حکومەتی هەرێم قسەیان دەڕوات، و ئاسایشی هاوڵاتیش تەنها لەسەر میهرەبانیی ئەو موشەکانە وەستاوە کە هێشتا نەتەقیونەتەوە.

ئەم دەسەڵاتە لە یەکگرتوویی و هوشیاری ئێوە دەترسێت زیاتر لەوەی لەو موشەکانە بترسێت کە ئاسمانیان داگیرکردووە. ئەوان دەزانن ئەگەر ئێوە لەم شانۆگەرییە تێبگەن، چیتر باوەڕ بەو درۆیە ناکەن کە گوایە ئەوان پارێزەری ئاسایشی ئێوەن. حکومەتێک کە ئاسمانی وڵاتەکەی خاوەنی نەبێت و زەوییەکەشی کردبێتە کرێی مانەوەی سیاسیی خۆی، پێشتر لە ڕووی ئەخلاقی و نیشتمانییەوە مردووە — و تەنها هێزی ناڕەزایەتی ئێوەیە کە دەتوانێت ئەم وڵاتە لە دەستی ئەو بازرگانانەی جەنگ ڕزگار بکات!

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 187 Today: 1,387 📊 Click Here