محمد زیاد عەزیز
وەک نەخۆشێک کە لە ژووری چاودێریی ورددایە و خێزانەکەی لەبری کڕینی ئۆکسجین و دەرمان بۆی، پارەکە دەدەن بە کڕینی تابلۆیەکی گرانبەها بۆ ڕازاندنەوەی دیواری نەخۆشخانەکە؛ هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانیدا دەکات. کاتێک لە ناوەڕاستی هاوینێکی سوتێنەردا کە پلەکانی گەرما دەگەنە سەروو ٥٠ پلەی سەدی، سیستەمی کارەبای نیشتمانی بەتەواوی دادەڕمێت ، و هاوڵاتییان لە پایتەختی هەرێمێکدا کە لەسەر دەریایەک نەوت و غاز خەوتووە، دەبێت هەفتەی تەنها چەند ڕۆژێک ئاویان پێبگات و بۆ بەشەکەی تری پشت بە کڕینی ئاوی تانکەر ببەستن ، تێدەگەین کە ئەمە تەنها “کەموکوڕی” نییە. ئەمە هەرەسهێنانێکی پێکهاتەییە کە تێیدا دەوڵەت دەستبەرداری سادەترین ئەرکەکانی خۆی بووە بەرامبەر بە هاوڵاتی.
ئەم داڕمانە بێدەنگە، تەنها لە ئاو و کارەبادا نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ئەو کەرتانەی کە داهاتووی نەتەوەیەکیان لەسەر وەستاوە: پەروەردە و تەندروستی. کاتێک مامۆستایان بەهۆی نەبوونی مووچەوە بۆ چەندین مانگ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن و کوالیتیی پەروەردەی گشتی دەگاتە نزمترین ئاستی مێژوویی ، لە هەمان کاتدا سیستەمی تەندروستیش هێندە پشتگوێ خراوە کە نەخۆشخانە حکومییەکان توانای دابینکردنی سادەترین دەرمانیان نییە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ئەم داڕمانە هەموو کەسێکی نەگرتووەتەوە؛ لە کاتێکدا هاوڵاتیی ئاسایی لە تاریکی و بێئاویدا دەژیت، نوخبەی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە داخراوەکانیاندا چێژ لە کارەبا و ئاوی ٢٤ کاتژمێری و خزمەتگوزاریی ڤی-ئای-پی (VIP) دەبینن.
(وەک چۆن نیڵسۆن ماندێلا دەڵێت: “هەژاری وەک کۆیلایەتی و ئاپارتاید وایە، شتێکی سروشتی نییە، بەڵکو دروستکراوی دەستی مرۆڤە و دەکرێت بە کردەوەی مرۆڤیش کۆتایی پێبێت”) — ئەمەش ڕێک هەمان ئەو واقیعەیە کە لە لوبنانی ئەمڕۆدا دەیبینین؛ کاتێک حیزبە دەسەڵاتدارەکان پارەی دەوڵەتیان دزی و سیستەمی کارەبایان هێندە وێران کرد کە وڵاتەکە بووە تاریکترین وڵاتی جیهان، بەڵام لە هەمان کاتدا مافیاکانی سەر بە هەمان ئەو حیزبانە، کارەبای مۆلیدەیان بە چەند هێندەی نرخ بە خەڵک دەفرۆشتەوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە کوردستان، لە مافیاکانی لوبنانیش زیرەکترن؛ ئەوان نەوتی هەرێمیان ڕادەستی کۆمپانیاکانی خۆیان کردووە، غازیان قۆرخ کردووە، و دواتریش هەمان ئەو کارەبایەی کە دەبوو مافی سادەی خەڵک بێت، لە ڕێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سەر بە خۆیانەوە بە نرخێکی خەیاڵی (کە دەگاتە ١٥ هەزار دینار بۆ یەک ئەمپێر) بە میللەت دەفرۆشنەوە.
ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییە، خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان کردووەتە کاڵایەک بۆ بازاڕ بکردنی دەسەڵات. ئەوان بەئەنقەست کەرتی گشتی وێران دەکەن تاوەکو خەڵک ناچار بکەن پەنا ببنە بەر نەخۆشخانە، قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانی کە خۆیان خاوەندارێتییان دەکەن. لەم تەماشاگەرییە مەدەنییەدا، هەر کاتێک خەڵک لە بێئاوی و بێکارەباییدا هاوار دەکات، ئەوان پاساوی تەکنیکی و بڕینی بەشەبودجە دەهێننەوە ، بەڵام هەرگیز باس لەو ملیاران دۆلارە ناکەن کە لە پرۆژە وەهمییەکاندا دیارنامێنن.
