پێنجشەممە. مارس 7th, 2026

دەردی (ئالوودە بوون بە ئاسانەکان)

سەیرکراوە: (11)

پ . د . سەعید عەلی محەمەد

مەرج نیە هەرشتێک دەخوێنرێتەوە گەشە بەعەقڵ بدات، هەروەها مەرج نیە هەموو ئەوەی بە چاودا تێپەڕ دەبێت زمان پاراو بکات و تەغزیەی قەریحەو ڕەوانبێژی بکات ، چونکە لە ڕاستیدا ئالوودەبوون بە ( خوێندنەوەی کتێبە ئاسانەکان ، یان مانەوەی بەردەوام لەسەر کۆمێنت و دەقە سادەکان و بڵاوکراوە خێراو کورتەکان ) دەبێتە مایەی خاوکردنەوەو سست کردنی دماری عەقڵ و ، دوای توندو تۆڵی عەقڵ و دەماخ ڕا دەهێنێت لە سەر نەرمی و فشۆڵی مەعریفی و زانستی ..بەڕادەیەک ئەگەر کتێب و سەرچاوە زانستیە درێژو گەورەکان خرانە بەردەمی ، یان ئەگەر دەقە زانستیە بەهێزو قوڵ و بەپێزەکان بەرچاوی کەوتن ، ئەوا خێرا بێزار دەبێت و بەقورسیان دەزانێ و پشتیان لێ هەڵدەکات ، هەروەک چۆن نامۆ بە باوەکان پشت لە ناباوەکان دەکات.

بەم شێوەیە کەسانی عەوداڵی زانست و مەعریفە — بێ ئەوەی هەست بەخۆیان بکەن — بەئاراستەی ( پوکانەوەی شاراوە ) دەڕۆن ، نەک تەنها لە زانیاریەکانیاندا ، بەڵکو پوکانەوە لە توانای وەرگرتن و خەزنکردن و خۆڕاگریی لەبەرانبەر دەقە قورس و سەختەکاندا.

هەروەها پوکانەوەو خاوبوونەوە لە نەفەس درێژی و ئارامگرتن لە سەر ئارەزووی گەیشتن بە پلە زانستیە باڵاکان ..مەعلومە کاتێک مرۆڤ لەسەر شتە ئاسانەکان ڕادێت ، ئیتر شتە قورسەکان بە سەخت و ناڕەحەت تەماشادەکات، هەرکاتێکیش ( سادەو ئاسان )خۆراکی بەردەوامی بوو ، لە بابەتە وردو ئاڵۆزەکان خۆی دەدزێتەوە.

لێرەوە یەکێک لە بەرچاوڕوونیەکان بۆ کەسانی ڕێبواری ڕێی زانستیی ئەوەیە: دەست هەڵگرن لە هەندێک لەو شتە ئاسانانەی حەزو ئارەزوویان دەکەن ، باشترە بۆیان وازبهێنن لە زیادەیی و زۆروبۆرییەک کە لەتەمەنیان دەدزێت ئەگەر چی شتانی بەسوودیش بن.

سەرنج بدەن.. پێشەوا زەهەبی لە کتێبی (المعجم المختص) لاپەرە ٣٠٥ لەباسی ژیاننامەی ( ئەبوبەکری بەعلەبەکی) دا دەڵێت: (ئەو هەمیشە وازی دەهێنا لەو شتانەی کە زیادەبوون لە زانستدا).

ئای ئێمەش ئێستا چەندە پێویستمان بە دەست هەڵگرتنی هۆشیارانەو زیرەکانە هەیە لە زۆروبۆریەکانی زانست، لە پێناو پاراستنی ئەناقەت و لیاقەتی عەقڵی و، بەهێزمانەوەی توانای وەرگرتن… بۆئەوەی عەقڵ بەشەوق و کەیف و ئارەزووی بێ ئەندازەوە بۆ حاسڵکردنی پلە باڵاکان بمێنێتەوە، بتوانێ سەختیەکان ببەزێنێ و ، نەبێتە دیلی ڕەفتارو خووە سادەو ساکارەکان و چێژو لەزەتەکانیان.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 159 Today: 2,457 📊 Click Here