ئاراس طارق محمد
لە نیشتمانێکدا کە هەموو شتێک بە پێوەری وەلائی شەخسی دەپێورێت، کاتێک منداڵێک لە ناو خێزانە باڵادەستەکاندا لەدایک دەبێت، پێویست ناکات فێری ئەلفوبێی خوێندن یان زانست بێت؛ ئەو هەر لە سکی دایکییەوە “ئەزموونی سیاسی” و “حیكمەتی سەرکردایەتی” بە شێوەی جینات بۆ دەگوازرێتەوە! لە کاتێکدا گەنجێکی ئاسایی بیست ساڵ دەخوێنێت و دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی باڵا، تەنها بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا لە ڕیزێکی درێژی بێکاراندا بوەستێت، کوڕی یان برازای بەرپرسێک هێشتا سمێڵی نەڕواوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە خاوەنی بڕیار، جەنەڕاڵی سەربازی، یان ئەندامی مەکتەبی سیاسی. لێرەدا پۆستەکان وەک نەخۆشیی شەکرە یان ڕەنگی چاو وان؛ لە باوکەوە بۆ کوڕ دەمێننەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێوەرێک بۆ لێهاتوویی و زانست هەبێت.
ئەم وەهمە بۆماوەییە بووەتە بنەمای سیستەمێکی حوکمڕانیی ئۆلیگارشی کە تێیدا خاکی نیشتمان وەک موڵکی تاپۆکراوی چەند خێزانێک سەیر دەکرێت. لە پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا، کۆنگرە و هەڵبژاردنی ناوخۆیی تەنها شانۆگەرییەکن بۆ شەرعییەتدان بەم جیناتە سیاسییە. هەرگیز نابینیت کەسێکی دەرەوەی بازنەی خێزان ببێتە بڕیاردەری یەکەم، چونکە بەپێی “زانستی بایۆلۆژیی حیزبی”، خوێنی خەڵکی سادە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی نییە! ئەوان وا پیشان دەدەن کە حوکمڕانی نهێنییەکە تەنها لەناو دی ئێن ئەی (DNA)ی ئەواندا حەشاردراوە و میللەتیش دەبێت تەنها چەپڵە بۆ ئەم موعجیزە بۆماوەییە لێ بدات.
تۆماس پەین، بیرمەندی گەورەی سەردەمی ڕۆشنگەری دەڵێت: “بیرۆکەی حوکمڕانیی بۆماوەیی هێندەی ئەوە گاڵتەجاڕییە کە بڵێین پزیشکێک یان بیرکاریزانێک بە بۆماوەیی دروست دەبێت.” ئەم قسەیە ڕێک پێناسەی دۆخی حوکمڕانییە لە کوردستان؛ چۆن دەکرێت چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤ، ئابووریی وڵاتێک و هێزی چەکدار بکەوێتە دەست کەسانێک کە تاکە دەستکەوتیان لە ژیاندا ئەوەیە لە خێزانێکی دیاریکراودا لەدایک بوون؟ ئەم جۆرە لە حوکمڕانی، ئینتیمای کۆمەڵگە دەکوژێت، چونکە پەیامێک بە هەموو تاکێک دەدات: هەرچەندە زیرەک و لێهاتوو بیت، ئەگەر ناوی کۆتاییت ناوی یەکێک لەم خێزانانە نەبێت، تۆ تەنها کرێنشینێکی بێبەهای لەسەر ئەم خاکە.
کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگە لەم خەونە سەدە ناوەڕاستییە خەبەری ببێتەوە و ئەو ڕاستییە قبوڵ نەکات کە گوایە ئەزموونی سیاسی لە ڕێگەی کرۆمۆسۆمەکانەوە دەگوازرێتەوە. نیشتمان کۆمپانیای خێزانی نییە تا بە میرات جێبهێڵرێت، و هاوڵاتییانیش مەڕوماڵات نین تا لەگەڵ زەوییەکەدا بخرێنە سەر ناوی نەوەی نوێی بەرپرسان. ئەگەر ڕێگە بدرێت ئەم شانۆگەرییە بۆماوەییە بەردەوام بێت، ئەوا داهاتووی ئەم وڵاتە لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە، کە تێیدا کوڕەکانی ئەوان دەبنە حاکمی نوێ و کوڕەکانی خەڵکیش دەبنە قوربانیی نوێ.














Leave a Reply