دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن بێ بەها دەکات!

سەیرکراوە: (1)

محمد زەبار ئەحمەد – چالاکوان

ئۆپۆزسیۆنی ساختە لە هەرێمی کوردستان هەرجارە بە جۆرێك دێتەوە مەیدان بۆ ئەوەی یەكڕیزی لە نێو بەرەی ناڕازییدا لە هەرێمی كوردستان تێك بدات و واش لەخەڵک بکات لەکاتی هەڵبژاردندا ڕاڕا بن لەوەی دەنگ بەکام لایەنی ئۆپۆزسیۆن بدەن، بەرە بەرەش لەدەسەڵات نزیکدەبنەوە و خەریکە سیمای ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان بەیەکجاری ون ببێت.

دەسەڵات بەجۆرێک تێکەڵ بە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بووە کە ئەستەمە بتوانی لەیەکتریان جیا بکەیتەوە، دەسەڵات وای لە هەندێ هێزی ئۆپۆزسیۆن کردووە هەمان دونیابینی حزبی دەسەڵاتداریان هەبێت و بەهەمان ئاواز ئیش بکەن بۆ گەشتن بە ئیمتیازو پۆست و بازرگانی و سەفەقاتی گەورە.

ئەگەرچی لە کوردستان بەشێکی سەرەکی جوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن لەدەستی پارتە ئیسلامیەکاندایە و خۆشیان خاوەنی بیرۆکەی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و گەندەڵی و نادادین، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕوانگەو بەرنامەو میدیای هاوچەرخ و گوتارێکی یەکگرتوو نەیانتوانیوە خۆیان ڕێک بخەن و خەڵک ئاراستە بکەن، زۆرجاریش کەوتونەتە دوای ئۆپۆزسیۆنی ساختە و لەخشتە براون.

سیناریۆ و نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆنی ساختە، زیاتر لە شانۆ و مەهزەلە دەچن، نەك کردە و جووڵەی سیاسیی ئامانجدار، گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، خاوەن گوتار و دیدگای سیاسی تۆکمە و ڕۆشن نین بۆ ئایندەی وڵات، بوونەتە کۆمپانیا و نووسینگەی هەلی کار و کەسابەت، ئەمەش پلانی دەسەڵاتە بە ئامانجی ناشرینکردنی ئۆپۆزسیۆن، بەشێکیان لەسەرەوە دژی دەسەڵاتن و لەژێرەوەش خۆیان بە دەسەڵات فرۆشتووە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی ساختە یەکێک لەئەرکەکانی بریتیە لە داتاشینی درۆو بوختان بەهێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەقینەکان، بۆیە خەڵک لێی تێکچووە نازانێ کێ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەیە لە کوردستان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 160 Today: 2,501 📊 Click Here