هەر جارێک یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستێک دەمەقاڵێ دەکەن، هەرێم بەشێک لە کەرامەتی لەدەست دەدات

سەیرکراوە: (9.1K)

هەڵۆ ئیسماعیل

دوو ئەندازیاری گەمژە بهێننە بەرچاوتان کە لەسەر دانانی لافیتەی ناوەکانیان بەسەر دەرگای ماڵەکەوە بەگژ یەکدا دەچن، لە کاتێکدا بناغەی خانووەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر نوقمی ناو زەلکاو دەبێت و دانیشتووانەکەشی خەریکە لە ژێر سەقفەکەیدا دەخنکێن. ئەمە ڕێک وێنەی ڕاستەقینەی ململانێی پارتی و یەکێتییە لەسەر نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان. پرسیارە گەورەکە ئەوە نییە ئایا کێبڕکێی سیاسی لە نێوانیاندا هەیە یان نا؛ کێشە گەورەکە ئەوەیە کە ئەم دوو حیزبە، دوژمنایەتیی ناوخۆیی و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیان خستووەتە سەرووی ئاسایشی نیشتمانی و بنیاتنانی دامەزراوەکانەوە. هەر جارێک کە ئەوان لەسەر کورسییەک یان دەسەڵاتێکی ئیداری قەیرانێک دروست دەکەن، ئەوەی دەدۆڕێت ئەوان نین، بەڵکو هێز و پێگەی کوردە کە لە بەردەم بەغدا و وڵاتانی هەرێمیدا بە هەرزان هەڕاج دەکرێت.

“هاوار بۆ ئەو نەتەوەیەی پارچە پارچە بووە، و هەر پارچەیەکیش خۆی بە نەتەوەیەک دەزانێت” ئەمە ڕێک هەمان ئەو پەتایەیە کە لە سۆماڵیای دوای سەربەخۆیی ڕووی دا، کاتێک کە سەرکردە چەکدارەکان لەبری دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بەدامەزراوەییکردنی وڵات، خاکیان کردە گۆڕەپانی شەڕی قۆرخکاری و دابەشکردنی نفووز، تا ئەو کاتەی دەوڵەتیان لە ناوەوە وێران کرد. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، بەردەوام شانازی بە کێبڕکێی ساختەی دیموکراسییەوە دەکەن، لە کاتێکدا لە ژێرەوە خەریکی دابەشکردنی کۆمپانیا حزبییەکان و دروستکردنی ئابووری سێبەرن بۆ زۆنی سەوز و زەرد. پرسیارەکە ئەوە نییە کام باڵ لە دانوستانەکانی داهاتووی پێکهێنانی حکومەتدا سەرکەوتوو دەبێت؛ پرسیارە کارەساتبارەکە ئەوەیە کە هەر جارێک ئەم ناکۆکییە ناوخۆییانە دەگۆڕێن بۆ قەیرانێکی گشتی، چەندە لە ئیرادەی سیاسیی هەرێم لەدەست دەچێت و چۆن دامەزراوەکان دەبنە قوربانیی ئەم قومارە سیاسییە قێزەونە؟

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 229 Today: 1,704 📊 Click Here