بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی سزادراوانی لەناو بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاکسازی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، لەشەش مانگدا 4094 سزادراو بۆ بەسەربردنی ماوەی حوکمەکانیان هاتوونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاکسازی، لەهەمان کاتدا 3565 مامەڵەی ئازادبوونی سزادراوان ئەنجامدراوەو گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماری سزادراوانی لەناو بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاکسازی گەوران و ژنان و منداڵان لەهەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند و وتی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 4094 سزادراو بۆ بەسەر بردنی ماوەی حوکمەکانیان هاتوونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاکسازی، لەهەمان کاتدا 3565 مامەڵەی ئازادبوونی سزادراوان ئەنجامدراوەو گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان.
ئەوەشی خستەڕوو کە 676 سزادراو بە مەرج ئازاد کراون، هاوکات مۆڵەتی چوونەوە ماڵەوەی سزادراوان 161 سزادراو بووەو 3880 سزادراویش سوودمەندبوون لەخزمەتگوزاری ژوانگەی خێزانی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 238 خولی راهێنان و سیمینارو وۆرکشۆپ بۆ کارمەندان – سزادراوان ئەنجامدراوە، لەهەمان کاتدا 73 وتاری ئاینی لە ناو چاکسازیەکان پێشکەش کراوە.
سەبارەت بە سەنتەرەکانی شیاندنەوەی ئالوودەبوانی ماددەی هۆشبەر بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا لەشەش مانگی ڕابردوودا 226 سزادراو لە گرووپەکان بەشداریان کردووە و سوودمەند بوون لەچارەسەرە تەندروستیەکانی ئەم سەنتەرانە و 10 سزادراویش بە لێبوردنی تایبەت ئازاد کراون.
لەبارەی پڕۆسەی خوێندنیش ئیحسان عەبدولڕەحمان رایگەیاند 534 سزادراو لە ناو قوتابخانەکانی چاکسازی دەیان خوێند ، لەهەمان کاتدا 35864 سەردان لەلایەن سزادراوانەوە بۆ کتێبخانەی چاکسازی کراوە.








Leave a Reply