بۆچی پارتی دەستبەرداری نیوەی پۆستەکانی حکومەت نابێت ؟

سەیرکراوە: (10)

دیار ڕزگار قادر

پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە حزبی کوردیە کە زۆرترین ماوە بە زۆرترین دەسەڵات و پۆستی گەورەوە حکومەتی کوردستانی بەڕێوەبردووە، لەو ماوەدا هیچ هێزێکی سیاسی بەشەریک و خاوەن بڕیار قبوڵ نەبووە، بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی یاسایی و داپۆشینی کەلێنێک لە کەلێنەکانی دیموکراسی بەشداری بەلایەنەکانی دیکە کردووە، پارتی زیاتر وەک خێر و سەدەقە پلە و پۆست دەدات بەهێزەکانی تر چونکە پێی وایە هەرخۆی خاوەنی دەسەڵات و حوکمڕانی و خاک و خەڵکی کوردستانە، هێزەکانی تر وەک میوان سەیر دەکات و هەرگیز نەیهێشتووە لە قراری سیاسی و ستراتیجی گرنگ ڕۆڵیان هەبێت.

لەماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردووی حکومەتی هەرێم کە لە ژێر هەیمەنەی تەواوی پارتیدا بووە ئەم حیزبە لە باڵاترین پۆستە سیادیەکانی حکومەتدا بووە، ڕێگەیان نەداوە هیچ کەسێک لەدەرەوەی خۆیان دەستی بگات بە پۆستە باڵاکان، زیاتر لەنیوەی پۆستەکانیش لای خۆیان بووەو هەرگیز نیوەی پۆستەکانی نەداوە بەهێزەکانی تر، پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ نادات بەهیچ کەس و لایەنێک، ئامادەنیە لەگەڵ هێزەکانی تردا حکومەت بکاتە نیوە چونکە خۆی بەخاوەنی کوردستان دەزانێت، پارتی وەک هێزێکی پۆپۆلیزمی نەتەوەیی خۆی وێنا دەکات و سەرنجی خەڵکیشی بۆلای خۆی کێش کردووە، هەرخۆی بەخاوەنی قەزیەی نەتەوەیی دادەنێت و ئەوانی تر بە دژە نەتەوە وەسف دەکات، ئەم پۆپۆلیزمە وایکردووە ئەم حزبە لەغروری خۆی نەیەتەخوار و ئامادەنیە نیوەی پۆستەکانی حکومەت بدات بە لایەنەکانی تر.

پارتی هیچ کاتێک نەیتوانیوە بەبێ یەکێتی حکومەت درووست بکات، ئێستا یەکێتی و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزێکی گەورەی وەک نەوەی نوێ داوای نیوەی پۆستەکانی حکومەت دەکات، ئەم حیلفە سوورە لەسەرئەوەی ئەم پاشاگەردانیەی ڕابردوو لەپارتی قبوڵ نەکات و داوای شەراکەتی ڕاستەقینە دەکات، بەڵام پارتی واز لەم غرورە ناهێنێت و دەیەوێت هەرخۆی بەتەنیا حاکمی کوردستان بێت، ئەمە ڕوونە کەلەخەباتی سیاسی و چەکداریدا هەمیشە پارتی لەدوای هێزەکانی ترەوەبووە، بەڵام بۆ پاراستنی دەستکەوتە حزبیەکانی خۆی و شاردنەوەی چەوتیەکانی خۆی پۆستە ئەمنیەکان نادات بەهیچ کەس و لایەنێکی تر.

ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەی حوکمڕانی دروشمی ئەم هاوپەیمانیە تازەیە ، ئەم دوو هێزە دەیانەوێت سنورێک بۆ دەسەڵاتە زۆرەکانی پارتی دابنێن و چیتر کەڵەگایی و کوێخایی لەپارتی قبوڵ نەکەنو هەرچەند ئەم دوو هێزە خۆشیان تا بینە قاقایان تێوە گلاوە لە گەندەڵی ، بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەدا پارتی ئامادەی سازش و ڕێککەوتن نیە، لەبری ئەوە پەنای بۆ دەوڵەتانی فاشیزمی ئیقلیمی بردووە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەدەربازبوون لە فشارو کاریگەرییەکانی ئەم هاوپەیمانیتیە تازەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 214 Today: 1,788 📊 Click Here