تەنها هاوڵاتی باجەکەى دەدات

سەیرکراوە: (50)

ئەرسەلان عەلى ڕەشەید

لە گەمە میدیایی و ململانێ حزبییە بەردەوامەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد و سەوزدا، تۆمەتبەخشینەوە بووەتە یارییەکی ڕۆژانەی بێزارکەر؛ هەولێر شکستی خزمەتگوزارییەکان و کورتهێنانی دارایی دەخاتە ئەستۆی سلێمانی، سلێمانیش بڕیارە ناوەندییەکان و سزادانی ئابووریی کابینەکەی مەسرور بارزانی دەکاتە پاساو. بەڵام لە پشت ئەم ڕاگەیەندراوە توندانە و لێدوانە دژبەیەکەکانەوە، حەقیقەتێک هەیە کە هەردوو دەسەڵاتدارییەکە بە هەموو توانایانەوە هەوڵی شاردنەوەی دەدەن: ئەم ململانێ حزبییە هیچ جیاوازییەکی بۆ ژیانی واقعی خۆی و سەبەتەی خوراکی هاوڵاتییان نەکردووە.

چی سووتەمەنی لەژێر سێبەری ئیدارەیەکدا بفرۆشرێت یان ئیدارەیەکی تر، چی باج و ڕسوومات لە زۆنێکدا بەرز بێتەوە یان زۆنەکەی تر، لە کۆتاییدا هەر هاوڵاتیی ئاسایی و مووچەخۆری بێدەرەتانە کە دەبێت فاتورەی ناڕێکیی ئابووری، گەندەڵی و ململانێی دەستەڵات بدات. بۆ بەکارهێنەرێک کە لە هەولێر یان سلێمانی دەژێت، جیاوازییەکی کرداری نییە کە کام حیزب یان کام بەرپرس بەردەوامە لە قۆرخکردنی بازاڕ، چونکە ئەنجامەکە بۆ هەردووکیان هەر هەمان شتە: گرانیی بژێوی، نەبوونی کارەبا و ئاو، و داڕمانی بنەڕەتیی ژێرخان. ئەم دابەشکارییە ناوچەیییە تەنها ئامرازێکە بۆ لادانی سەرنجی جەماوەر لەسەر فەشەلی جەوهەریی سیستمی حوکمڕانی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا؛ کاتێک بەرپرسان لە جیاتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان، پەنا دەبەنە بەر تاوانبارکردنی شارێکی تر، نیشانەی ئەوەیە کە هیچ بەرنامەیەکی نیشتمانییان بۆ ئیدارەدان نییە.

کۆتایی ئەم شانۆگەرییە درێژخایەنە، ڕاستییەکی زەقمان بەڕوودا دەکێشێتەوە: ململانێ و جەنگی ڕاگەیاندنی نێوان هەولێر و سلێمانی تەنها یارییەکی سیاسییە بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکان، و تا ئەو کاتەی هاوڵاتی لە هەردوو شارەکەدا باجی کۆتایی بدات، هیچ دروشمێکی ناچاری یان ناوچەیی ناتوانێت پەردەپۆشی ئەم فەشەلە هاوبەشە بکات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 148 Today: 1,967 📊 Click Here