شاخەوان عەزیز نادر
دادوەریکردن لەسەر سەرکەوتن یان فەشەلی هەر وادە و مۆڵەتێک کە حکومەتی عێراق بۆ داماڵینی چەک و ملکەچکردنی گرووپە چەکدارەکان دیاریی دەکات—لە سەروویانەوە وادەی سیی حوزەیرانی ۲۰۲۷—نابێت لە ڕێگەی وتارە حەماسییەکانی بەرپرسان یان بەیاننامە مەترسیدارەکانی فەرماندە چەکدارەکانەوە بێت، بەڵکو دەبێت تەنها لەسەر بنەمای گۆڕانکارییە پێوراو و ڕاستەقینەکانی سەر عەرد و واقیعی مەیدانی هەڵسەنگاندنی بۆ بڵکرێت. ئاستی ڕاستگۆیی ئەم پرۆسەیە لە چەند پرسیارێکی جەوهەریدا کورت دەبێتەوە: ئایا بە ڕاستی چەکە کۆنترۆڵنەکراوەکان و کۆگاکان ڕادەستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەکرێنەوە؟ ئایا گرووپە چەکدارەکان بە تەواوەتی و بێ دووفاقی دەخرێنە ژێر ڕکێفی زنجیرەی فەرماندەیی سەربازیی دەوڵەتەوە؟
و ئایا لە کاتی ڕەتکردنەوەدا، سزایەکی یاسایی، سەربازی و دارایی ڕوون و دەستبەجێ بەسەر یاخیبوواندا دەسەپێندرێت؟ ئەگەر ئەم ئەنجامە ڕاستەقینانە لەسەر زەوی نەبینرێن، ئەوا وادەی سیی حوزەیران نەک هەر نابێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت، بەڵکو دەبێتە تەنها وادەیەکی تری سیاسیی کۆن کە لە ڕۆژمێری بێبەهای بەغدادا زیاد دەکرێت تا کاتی پێ بکوژرێت و قەیرانەکانی پێ دوا بخڕێت.
کاتێک دەوڵەت ناتوانێت هیچ دەرئەنجامێک بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنێت، دیاریکردنی مۆڵەتی نوێ تەنها پێدانی مۆڵەتی زیاترە بە چەکداران تا هێزی خۆیان بەهێزتر بڕکەن. لە کۆتاییدا، ئەم بەڵێنە بێئەنجامانە ئەم حەقیقتە تەنزئامێزەمان بەڕوودا دەپەکێننەوە: ئەگەر سیی حوزەیرانی ۲۰۲۷ بە بێ داماڵینی ڕاستەقینەی چەک و ژێرپێنانی هەژموونی میلیشیاکان تێپەڕێت، ئەوا ئەو ڕۆژە وادەی سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت نییە، بەڵکو تەنها بۆنەیەکی تری سیاسییە کە تێیدا دەسەڵاتداران جەژنی دواخستنی دەوڵەتداری بۆ ساڵێکی تر دەگێڕن!














Leave a Reply