سەلاح حسن محمد
کاتێک ڕۆژنامەنووسێک دەست بۆ دۆسیەیەکی هەستیاری پەیوەندیدار بە بەرپرسانی باڵا، دامەزراوە نیشتمانییەکان یان بڕیارە دارایی و سیاسییە گەورەکان دەبات، ئەو تەنیا کارێکی پیشەیی ئەنجام نادات؛ بەڵکو نوێنەرایەتیی چاوی چاودێری کۆمەڵگا دەکات بەسەر دەسەڵاتەوە. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارەیە کاتێک دۆسیەیەکی یاسایی یان سزادان دژی ڕۆژنامەنووسێک دێتە ئاراوە، بابەتەکە لە چوارچێوەی کەسیی خۆی دەردەچێت و دەبێتە بابەتێکی گشتی؛ چونکە کشانەوە یان پاشەکشێی ئازادیی یەک قەڵەم، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئەو ژینگەیەی کە تەواوی میدیاکاران و پەیامنێرانی تێدا کار دەکەن. لێرەوە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان پاراستنی مافی یەک ڕۆژنامەنووس و مافی تەواوی کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە زانیاری دروست دەبێت.
پێویستە کۆمەڵگا تێبگات کە داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسێکی دەستبەسەرکراو یان سزادراو، خێر یان چاکەیەک نییە تەنیا لەبەر خاتری کەسەکە بکرێت، بەڵکو بەرگرییە لە مافی خودی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بزانن لە پشت پەردەی بڕیارەکاندا چی دەگوزەرێت. کاتێک بەهۆی ترس لە سزادان و زیندانیکردن، ڕۆژنامەنووسان ناچار دەکرێن پەنا ببەنە بەر سانسۆرکردنی خۆیان ، یەکەم قوربانی ئەم دۆخە شەقامە؛ چونکە لە زانیاریی ڕاستەقینە، شەفافیەتی دارایی و ئاگاداری لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات بێبەش دەکرێت. بێدەنگکردنی یەک دەنگی ڕەخنەگر، پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ هەموو ئەوانی تر تا چاو و گوێی خۆیان بنووقێنن.
ئازادیی ڕۆژنامەنووسی وەک ئۆکسجین وایە بۆ دیمۆکراسی؛ کاتێک کەمی دەکەیت، تەواوی جەستەی کۆمەڵگا تووشی خنکان دەبێت.
کۆمەڵگایەکی تەندروست ناتوانێت گەشە بکات ئەگەر سەرچاوەکانی زانیاری تەنیا لە ڕاپۆرتە فەرمییەکانی حکومەت و میدیا سێبەرەکانی حیزبدا کورت بکرێنەوە. مافی گەیشتن بە زانیاری پایەیەکی سەرەکیی هاوڵاتیبوونە. بۆیە، کاتێک سیستمی یاسایی و دادوەری وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کار ناکات، ژینگەی گشتی بەرەو تاریکی دەچێت. پاراستنی ماف و ئازادیی هەر ڕۆژنامەنووسێک، زامنی هێشتنەوەی پەنجەرەکانی ڕاستییە بە ڕووی کۆمەڵگادا؛ چونکە کاتێک چاوی پاسەوانەکان کوێر کرا، ئیتر هیچ کەسێک لەناو کۆمەڵگادا لە پاراستنی ماف و چارەنووسی خۆی دڵنیا نابێت.














Leave a Reply