ئازاد ئیسماعیل موستەفا
بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەڵێنی کارەبای بێپچڕان، تۆڕێکی هاوچەرخی وزە و کۆتاییهاتنی یەکجارەکی بە سەرپێوەیی و ئابوونەی مۆلیدە تایبەتەکان درابوو. میدیا فەرمییەکان و پەیجە پاڵپشتیکراوەکان وێنەی هەرێمێکیان دەکێشا کە لە سایەی پڕۆژە ستراتیژییەکاندا هەنگاوی گەورەی بەرەو شارستانییەت ناوە و قەیرانی تاریکیی خستووەتە پاشمێژووەوە. بەڵام کاتێک واقیعی ژیانی ڕۆژانە دێتەوە ئاراوە، هاوڵاتیان دەبینن کوژانەوەکان بە هەمان قورسیی ڕابردوو گەڕاونەتەوە و مۆلیدەکان جارێکی تر بوونەتە شادەماری ڕووناکیی ماڵەکانیان.
ئەم ناکۆکییە تۆخەی نێوان ژیان لە واقیعدا و ژیان لە ناو میدیای فەرمیدا، پرسیارێکی جەوهەری و تاڵ لە مێشکی هەر هاوڵاتییەکدا دروست دەکات: ئەگەر کارەبای بەردەوام چیتر ٢٤ کاتژمێر لە بەردەستدا نییە، پسپۆڕی و توانای وێستگەکان دابەزیون و تۆڕەکان پەکین کەوتووە، کەواتە بۆچی ڕیکلامە بریقەدارەکان، فیلمە دۆکیۆمێنتارییە دروستکراوەکان و وتارە باق و بڕەقەکانی بەرپرسان هێشتا بە تەواوی توانایانەوە و بەبێ یەک چرکە وەستان کار دەکەن؟ بۆچی کاتێک کارەبای ماڵەکان دەکوژێتەوە، کەناڵەکانی دەسەڵات بێ وەستان خەریکی بەبازاڕکردنی سەرکەوتنی پڕۆژەی وزەن؟
ئەم شێوازە لە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندن، بێڕێزییەکی ئاشکرایە بەرامبەر بە هۆشیاریی شەقام. بەرپرسان وا تێگەیشتوون کە دروستکردنی کەشوهەوایەکی ڕاگەیاندنی و بڵاوکردنەوەی ژمارەی بێبنەما لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانێت شوێنی خزمەتگوزارییە ڕاستەقینەکان بگرێتەوە. بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە هاوڵاتیان لە تاریکیدا دەژین و لە هەمان کاتدا ناچار دەکرێن گوێ لە بانگەشەی ڕووناکی بگرن. کۆتایی ئەم هاوکێشە ناهاوسەنگە، حەقیقەتە تاڵەکەی سیاسییەکان بەڕوونی ئاشکرا دەکات: کارەبا ڕەنگە بۆ چەندین کاتژمێر لە شەودا بکوژێتەوە و دیار نەمێنێت، بەڵام پرۆپاگەندەی دەسەڵات هەرگیز کوژانەوەی تێدا نییە و ٢٤ کاتژمێر بەردەوامە.













Leave a Reply