خێراترین پڕۆژەی حکومەت لە کوردستاندا، دۆزینەوەی باهانەی نوێیە!

سەیرکراوە: (55)

شوان عبدالرحمن حارس

لە کاتێکدا پڕۆژەکانی ژێرخان، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، چارەسەری قەیرانی کارەبا و ڕێکخستنەوەی سیستمی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو سستییەکی کوشندە دەڕۆن و بە ساڵان دوا دەکەون، تەنها یەک پڕۆژەی حکومی هەیە کە بە زوویی و بە بێوەستان جێبەجێ دەکرێت: بەرهەمهێنانی بەردەوامی باهانەی نوێ بۆ شەرعییەتپێدانی فەشەل.

لە سایەی ئیدارەدانی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا، دەزگا بڵندگۆکانی دەسەڵات ئامادەیییەکی کەم و وێنەیان هەیە بۆ داهێنانی هۆکاری نوێ—جارێک ناڕێکیی نێوان هەولێر و بەغدا، جارێک دابەزینی نرخی نەوت یان کێشەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، و کاتێکیش ئەم باهانانە کۆن دەبن، هاوکێشە ناوچەیییەکان و «دەستی تێکدەران» دەهێنرێنە پێشەوە؛ ئەم داهێنەرایەتییە بەردەوامە لە دۆزینەوەی تاوانباری دەرەکی، وایکردووە کەرتی باهانەهێنانەوە خێراترین، کاراترین و گەشەسەندووترین بەشی حوکمڕانی بێت لە کوردستاندا. کاتێک هاوڵاتییان داوای مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان دەکەن، لە جیاتی خستنەڕووی نەخشەڕێگەیەکی کۆنکرێتی و کرداری بۆ چارەسەر، وەڵامەکە هەمیشە بریتییە لە لیستی داڕێژراوی «بۆچی ناتوانین ئەنجامی بدەین»، وەک ئەوەی ئەرکی سەرەکیی دەسەڵاتداری ڕوونکردنەوەی ئەستەمبوونی جێبەجێکردن بێت نەک جێبەجێکردنی ئەرکەکان.

ئەم لێهاتووییە سەیرەی دەسەڵاتداران لە داڕشتنی پاساودا، نیشانەی تێگەیشتنێکی خوارووخێچی جەوهەری دەوڵەتدارییە کە تێیدا فەشەل وەک ئەمرێکی واقیع سەیر دەکرێت و هەوڵەکان تەنها تەرخان دەکرێن بۆ پۆشینی بە بەرگی «پێویستییە سیاسییەکان»؛ بەڵام ئەم بڕە بێکۆتایییەی پاساو هێنانەوە تا سەر دەوام ناکات، چونکە کۆمەڵگەیەک کە ڕۆژانە بەدەست داڕمانی ژیانی مادییەوە دەنڵێنێت، چیتر بڕوای بە سیناریۆ دروستکراوەکان نامێنێت. کۆتایی ئەم نەریتە باوەی حوکمڕانی، ڕاستییەکی بێپەردەمان بیردەخاتەوە کە هیچ گوتارێکی فەرمی ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: حکومەتێک کە خێراترین و سەركەوتووترین بەرهەمی بریتی بێت لە دروستکردنی باهانەی نوێ بۆ کارنەکردن، متمانەی جەماوەر بە تەواوی دەکۆڕێت و دەسەلمێنێت کە ئیرادەی چارەسەرکردن هەر لە بنەڕەتدا بوونی نەبووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 31 Today: 1,887 📊 Click Here