سمکۆ علی ممند
دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بە ئومێدی بەگەڕخستنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، سەروەریی یاسا و کۆتاییهێنان بە ئیفلیجیی سیاسی چوونە سەر صندوقەکانی دەنگدان؛ کەچی لە جیاتی پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی بەرپسیار، تەنها شوێنێک کە پێیان بەخشرا «ژوورێکی بێبڕانەوەی چاوەڕوانی» بوو. لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە، لە شوێنی بڕیاری ئازایانە و کارکردن لەسەر کێشە قووڵەکانی خەڵک، هاوڵاتییان بوونە بینەری زنجیرەیەکی تاقەتپڕووکێن لە کۆبوونەوەی بێکەڵک، ڕاگەیەندراوی هاوبەشی بەتاڵ، دانوستانی پشت پەردە و باڵافڕیی ڕاگەیاندن لەسەر دابەشکردنی دەستکەوتە حزبییەکان. دەسەڵاتداران پرۆسەی دیموکراتییان کورتکردووەتەوە بۆ تەنها ڕۆژی دەنگدان؛ تا ئەو ساتەی دەنگەکان دەخرێنە صندوقەکانەوە، خەڵک لە ناوەنددایە، بەڵام هەر کە دەنگدانەکە کۆتایی هات، وڵات دەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوە کۆنەکەی: ڕاوەستانی ژیان، بەستنی دانوستانی بێئەنجام لە تەلاری بەرپرسان، و جێهێشتنی تەواوی کۆمەڵگە لە چاوەڕوانییەکدا کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی دیار نییە. ئەمە گەورەترین شکستی چەمکی دیموکراتییە لە هەرێمدا؛ کاتێک دەنگدەران بە کرداری دەبینن سەندوقەکان ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک لە جۆری حوکمڕانیدا دروست بکەن، و تەنها ناوی یاریزانەکان لە ناو هەمان سیستمی تاڵانکاریدا دەگۆڕدرێت.
لەم ژووری چاوەڕوانییە تاڵەدا، کات و گەشەی نیشتمانی ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی بنەماڵە و دەستەگەرییە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی ئیمتیازات و وەزارەتە داهاتدارەکان بە ئامانجەکانیان دەگەن. لە کاتێکدا داڕمانی ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، و گرانیی بژێوی ڕۆژانە یەخەی هاوڵاتییانی گرتووە، سەرکردەکان لە هۆڵە ئارامەکانیانەوە خەریکی سەوداکردنی یاسا و شەرعییەتی دەزگاکانن. پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەوان تەنها کارتێک بوو بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەتی دەسەڵاتەکەیان لە بەردەم جیهانی دەرەوەدا، نەک ڕێزگرتن لە ویستی ئەو جەماوەرەی کە بە بێئومێدییەوە چووبوونە سەر صندوقەکان. کۆتایی ئەم وەهمە دیموکراتییە، حەقیقەتێکی زۆر بەئازارمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە چیتر هیچ گوتارێکی سیاسی ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: پرۆسەی هەڵبژاردن بە فەرمی و لە کاتی خۆیدا تەواو بوو؛ بەڵام ژووری چاوەڕوانیی بێبڕانەوەی هاوڵاتییان بۆ ژیانێکی شایستە و دیموکراتییەکی ڕاستەقینە، هێشتا تەواو نەبووە و ژوانی کۆتایی دیار













Leave a Reply