ڕابەر جەمال خالید
دەسەڵاتداران لەبری نۆژەنکردنەوەی بنەماکان، داوا لە هاوڵاتییانی ماندوو دەکەن کە لەسەر کورسییەکانیان دابنیشن و تەنیا سەیری ئەو شانۆگەرییە سیاسییە بکەن کە بۆیان ئامادە کراوە . ئەمە ئەو واقیعە تاڵەیە کە تێیدا کەلێنێکی ترسناک و گەورە لە نێوان “نمایشی سیاسیی چەواشەکارانە” و “قەیرانە قووڵەکانی بەڕێوەبردن”دا دروست بووە؛ لە لایەکەوە حکومەت و میدیاکانی ڕۆژانە ڤیدیۆی بریقەدار و کۆبوونەوەی سەرکردەکان پەخش دەکەن کە باسی دەستکەوتی وەهمی و ململانێی بێمانا دەکەن، لە لایەکی تریشەوە ژێرخانی وزە، ئابووری، و خزمەتگوزارییەکان بە تەواوی ئیفلیج بوون و هاوڵاتییان لەناو گێژاوی بێ کارەبایی و بێ مووچەییدا دەخنکێن . دەسەڵاتداران زۆر زیرەکانە ئەم شانۆگەرییەیان ڕێکخستووە تا هاوڵاتییەکی سادە کە خەمی پەیداکردنی نانی ڕۆژانە و دابینکردنی کرێی مۆەلیدەی هەیە، بە تەواوی لەناو ململانێ لاوەکییەکان و شەڕە قسەی حزبییەکاندا ون ببێت، چونکە ئەوان باش دەزانن کە هەموو ئەو ڕۆژانەی لە باسکردن و دەمەقاڵێ لەسەر بابەتە لاوەکییەکان و سەرقاڵکەرەکان بەسەر دەچن، لە ڕاستیدا ڕۆژێکی ترن بەبێ هیچ چارەسەرێک بۆ کێشە بنەڕەتییەکان .
کاتێک سیستەمێک ناتوانێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەخۆشییە کوشندەکانی وەک داڕمانی ژێرخانی کارەبا و ئاو بدۆزێتەوە، پەنا دەباتە بەر دروستکردنی قەیرانی بچووک و هەواڵی شۆککەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تاوەکو مرۆڤی کورد دەرفەتی ئەوەی نەبێت بە هۆشیارییەوە سەیری ئەو درزە گەورانە بکات کە لە دیوارەکانی حکومەتەکەیدا دروست بوون . جێگەی پێکەنین و لە هەمان کاتیشدا گریانە، کاتێک دەبینین دایکێک لە ماڵێکی گەرم و بێ کارەبادا دەستەوەستانە بەرامبەر گریانی منداڵەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت گوێ لە شیکەرەوە سیاسییەکان و بەرپرسان بگرێت کە چۆن بەوپەڕی دڵسۆزییەکی درۆینەوە شەڕ لەسەر پۆست و دەسەڵات دەکەن؛ ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەریدەخات نمایشی سیاسی تەنیا ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە سیستەمەکە لە ناوەوە بۆگەن و بەتاڵ بووە .
هەر ڕۆژێک کە شەقام و خەڵک وزەی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بێبەهایانە خەرج دەکەن کە دەسەڵات بۆی دروست کردوون، لە ڕاستیدا ڕۆژێکی زێڕین دەبەخشنە ئەو نوخبە سیاسییەی کە دەیانەوێت بێ ئەوەی یەک مێگاوات کارەبا زیاد بکەن یان یەک خزمەتگوزاری چاک بکەن، تەمەنی مانەوەیان درێژتر بکەنەوە . تا ئەو کاتەی کۆمەڵگا نەگاتە ئەو ئاستەی کە ڕەت بکاتەوە ببێتە بینەری ئەم شانۆگەرییە بێزارکەرە و ئامادە نەبێت چیتر بە قەیرانە لاوەکییەکانەوە سەرقاڵ ببێت، سیستەمەکە بەردەوام دەبێت لەسەر داپۆشینی درزەکانی بە پەردەی پڕوپاگەندە، و خەڵکیش دەبێت هەر لە تاریکی و نەهامەتیدا باجی ئەم بێدەنگییە بدات














Leave a Reply