فەرمانبەرانی گشتی بوونەتە بارمتەی بڕیارە سیاسییەکان!

سەیرکراوە: (125)

محمد سيامند ئيمام

گەورەترین و دیارترین قوربانیی ململانێ و زۆرانبازییە سیاسییەکان نە بەرپرسەکانن نە خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان، بەڵکو ئەو فەرمانبەر و کارمەندە سادانەن کە بە تەواوی بوونەتە بارمتەیەکی بێدەنگ لە دەستی بڕیارە سیاسییە هەڵە و چەقبەستووەکاندا. کاتێک مامۆستایەک بەیانیان زوو دەچێتە قوتابخانە بۆ وانەوتنەوە، یان پزیشکێک لە نەخۆشخانەکاندا شەونخوونی دەکات بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان، ئەوان بێ گوێدانە ئەوەی کام حزب باڵادەستە یان چ ململانێیەکی سیاسی لە ئارادایە، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکە پیشەییەکانی خۆیان بەرامبەر بە کۆمەڵگا جێبەجێ دەکەن.

بەڵام لە بەرامبەر ئەم خزمەتەدا، کاتێک دێتە سەر وەرگرتنی ماف و مووچەکانیان کە تاکە سەرچاوەی مانەوەیانە لە ژیاندا، لەناکاو ئەم فەرمانبەرانە دەکرێنە کارتی فشار و دەکرێنە قوربانیی ئەو شەڕەقسە و دانوستانە بێكۆتاییانەی کە سەرکردەکان لەناو ژوورە داخراوەکاندا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتی نەوت دەیکەن. ئەمە لوتکەی گاڵتەجاڕی و بێباکیە کاتێک دەسەڵاتداران چارەنووس و بژێویی ملیۆنان مرۆڤ گرێ دەدەن بە ڕێککەوتنێکی حزبییەوە لەگەڵ بەغدا یان لە ناوخۆدا، وەها مامەڵە دەکەن کە گوایە گیرفانی فەرمانبەر بەشێکە لە سەنگەری شەڕی سیاسییان! باوکێک کە ناتوانێت کرێی خانووەکەی بدات، یان دایکێک کە ناتوانێت شیری منداڵەکەی دابین بکات،

ناچار دەکرێن باجی ئەو لووتبەرزی و غروورە سیاسییە بدەن کە تێیدا سەرکردەکان ئامادە نین یەک هەنگاو بۆ چارەسەری قەیرانەکان بنێن، بەڵام ئامادەن ژیانی سەدان هەزار فەرمانبەر ئیفلیج بکەن. لەم سیستەمەدا، کارمەندەکە ماندوو دەبێت و خزمەت بە گەل دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو کەسەیە کە باجی قورسی سیاسەتە شکستخواردووەکانی دەسەڵات دەدات

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 69 Today: 191 📊 Click Here