لە «کوردستانێکی ئاوەدانتر»ەوە گەڕانەوە بۆ دەنگی مۆلیدە!

سەیرکراوە: (6.5K)

ئارام جەمال خدر

لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، دروشمە سیاسییەکان هەمیشە پڕن لە بەڵێنی بریقەدار؛ باس لە مۆدێرنەکردنی ژێرخان، چاکسازی لە کەرتی وزە و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەکرێت ژێر ناونیشانی سەرنجڕاکێشی وەک «کوردستانێکی ئاوەدانتر و گەشاوەتر». ئەم دروشمانە لەسەر شاشەکان و تابلۆ گەورەکانی شەقامدا وێنەی هەرێمێک دەکێشن کە بەرەو داهاتوویەکی ڕووناک هەنگاو دەنێت. بەڵام بۆ زۆربەی خێزانەکان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، واقیعی ڕۆژانە زۆر دوورە لەو بەڵێنانە؛ ژیانی ڕاستەقینەی ئەوان هێشتاش بە دەنگی بەرز و ناخۆشی مۆلیدە ئەهلییەکان و دووکەڵی ژەهراوییان بەستراوەتەوە کە بوونەتە هاوڕێی هەمیشەیی و دانەبڕاوی ماڵەکانیان.

ئەم بەراوردکارییە نێوان دروشمە ڕاگەیاندراوەکان و ئەزموونی ڕاستەقینەی خەڵک، درزێکی قووڵ لە متمانەی گشتیدا پیشان دەدات. کاتێک هاوڵاتی دەبینێت ساڵانێکی درێژە بەڵێنی بنەبڕکردنی کێشەی کارەبا دووبارە دەبێتەوە و ملیۆنان دۆخار لەم سێکتەرەدا خەرج دەکرێت، بەڵام لەگەڵ هاتنی هەر وەرزێکی سرما یان گەرما سیستمەکە تووشی داڕمان دەبێت، دەگاتە ئەو بڕوایەی کە دروشمەکان تەنیا بۆ مەبەستی ڕیکلامی هەڵبژاردن دروستکراون. مۆلیدەی گەڕەکەکان چیتر تەنیا ئامرازێکی بەرهەمهێنانی کارەبا نین، بەڵکو بوونەتە هێمایەکی بەرجەستەی شکستی پلانە ستراتیژییەکانی حکومەت لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان.

ژیانی هاوڵاتیان ناتوانرێت بە بەیاننامە و پرۆپاگەندەی سیاسی خەڵەتێنرێت، چونکە ڕاستییەکان لەناو ماڵەکاندا بە ڕوونی دەبینرێن. کاتێک کارەبا دەبڕێت و خەڵک ناچار دەبن مانگانە بڕێکی زۆر لە پارەی ماندووبوونی خۆیان بدەنە خاوەن مۆلیدەکان، تەواوی ئامارە فەرمییەکانی گەشەسەندن بەهای خۆیان لەدەست دەدەن. کۆتایی ئەم هاوکێشە ڕوونە حەقیقەتێکی نەگۆڕمان بیردەخاتەوە: کوردستانێکی ئاوەدانتر و ڕووناکتر بە ئاژانسەکانی ڕاگەیاندن و ڕیکلامی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ناپێورێت؛ بەڵکو تەنیا بەوە دەپێورێت کە ئایا کاتێک ڕیکلامەکان کۆتاییان دێت و شاشەکان دەکوژێنەوە، ڕووناکی لە ماڵی هاوڵاتیاندا دەمێنێتەوە یان نا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 162 Today: 1,782 📊 Click Here