گەندەڵی و گەندەڵکار وەک مانگی چواردەشەوە بەئاسمانەوە دیارن!!

سەیرکراوە: (26)

لە فەرمانبەرێکی ئاسایی و بەڕێوەبەری ناحیە و قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتی و وەزیر و پەرلەمانتارێک و خاوەنی کۆمپانیا و وەبەرهێنێک بۆ سەرکردایەتی ومەکتەبی سیاسی و منداڵی بەرپرسان بەڕوونی گەندەڵەکان دەناسرێنەوە ئەویش ئەوەیە:

هیچ کەس لەوانەی ناوم هێنان بەو مووچەی هەیەتی دەوڵەمەند نابێت، بەڵکو بە بەرتیل وەرگرتن و داوای پشک و شەراکەت دەوڵەمەند بوون، هەرکەس موڵک و ماڵی لە داهاتی زیاتر بوو بەپێی بنەمای (من این لک هذا/ئەمەت لەکوێ وە هێنا) ئەوە ڕوون دیارە بە گەندەڵی بووەتە خاوەنی ئەو موڵک وماڵ وسامانە.

لە کوردستانیش بەداخەوە زۆرمان هەن لەو بەرپرسانەی بەناڕەوا سامانیان کەڵەکەکردووە، بۆیە ئەگەر لە کوردستانیش هەڵمەتی ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران دەست پێبکات زۆریان بەتەڵەکەوە دەبن.

ڕووداوێک دەگێڕمەوە خۆم تیایدا شایەتحاڵ بووم لەخزمەتی مامۆستا محەمەد فەرەج، ئەمینداری گشتی ئەوکاتی یەکگرتوو ساڵی ٢٠١٤ چووینە لای سەرۆکی یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان کە خاوەنی زۆنە، مامۆستا محەمەد فەرمووی قوربان بۆ چاکسازی ناکەن و سنوورێک بۆ ئەو هەموو بەرپرسە گەندەڵە دانانێن، وەڵامی سەرۆکی ئەو حزبە ئەوەبوو وتی ناتوانم!!، مامۆستا محەمەد فەرموی بۆ ناتوانیت!! وتی هەر دەستیان بۆ ببەم دەچنە ناوحزبی بەرامبەرەوە!

بەڕاستی ئەوکات ( تووشی شۆک بووم)، یانی داڵدەی کەسێکی خراپ و گەندەڵ بدەی تەنها بۆ قەرەباڵغی و بۆ ئەوەی نەچێتە ناو حزبی بەرامبەر.

مامۆستا محەمەد فەرەجیش جوان جوابی دایەوە و وتی من ئەم برادەرانەم لە مەکتەب سیاسی گەندەڵی بکەن دەسەڵاتم بوو بە بزمار گوێیان بەدیواردا هەڵدەواسم، هەر دەسەڵاتیشم نەبوو دەست لەکار دەکێشمەوە ودەڵێم ئاوا سەرۆک حزبی ناکەم.

ئەوەی هەرێم و قەوارە دەستوریەکەی خستووەتە مەترسیەوە پێش هەموو شت ئەو گەندەڵیەیە کە لەساڵی ١٩٩٢ەوەوە بناوانی بۆ هەڵبەسترا، ئەوکات دزەکان گەورە نەبوون و دەست بۆ بردنیان ئاسان بوو ئەگەر ئیرادەی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازی و نیشتمانسازی و دامەزراوەسازی و لەشکرسازیەکی ڕاستەقینە هەبووایە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 169 Today: 2,991 📊 Click Here