بۆچی ناتوانین ئاواتەکانمان بە دی بهێنین؟!

سەیرکراوە: (21)

پ .د . سەعید عەلی محەمەد

ئەگەر پرسیار لە زۆربەی خەڵکی بکەیت: بۆچی ئەوە بەدەست ناهێنن کە ئاواتەخوازن بەدەستی بهێنن ؟ وەڵامی زۆربەیان ئەوەیە کە : کاتمان نیە ، سەرقاڵین . بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو توێژینەوانەی تایبەتن بە لێکۆڵینەوە لە ژینگە هاوچەرخەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن گرفتەکە لە کەمی کاژێرەکانی کارکردندا نیە ، بەئەندازەی ئەوەی گرفتەکە نەبوونی وریایی و شپرزەبوونی خەیاڵ و مێشکە.. مرۆڤی هاوچەرخ ڕۆژانە دەیان دیمەن و بڕگەی هەمە چەشنەو جۆراو جۆر بەرچاوی دە کەوێت، لە نامەکان، پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان، کۆبونەوەکان، ڕووداوەکان… تاد، بەڕادەیەک وای لێهاتووە ( سەرنجی ورد و بەئاگابوونی تەواوی بەردەوام ) لە هەرە دەگمەنترینی مەهارەت و تواناکانە لەم سەردەمەدا.

لێرەوە خاڵێک زۆر گرنگە و پێویستی بە سەرنج و تێڕامانە: ئێمە زۆر کار دەکەین، بەڵام وەک پێویست ئەنجام و دەستکەوتی گەورەو بەنرخ بەدەست ناهێنین ! ( Peter Drucker) ی پسپۆڕی بەناوبانگی بواری بەڕێوەبردن باسی ئەم حەقیقەتەی کردوەو دەڵێت: (گرنگ ئەوە نیە تۆ ئیش و چالاکی بەشێوەیەکی دروست ئەنجام بدەیت، بەڵکو ئەوە گرنگە کاروچالاکیه دروستەکان ئەنجام بدەیت).. لێوەشاوەیی و کەفائەت بەتەنها بەس نیە، کاتێک ئەو لێوەشاوەییە لە کارو چالاکیەدا بخرێتە گەڕ شیاوی ئەو هەموو ماندووبوون و کۆششە نەبێت..

بێ گومان ئەم ڕاستیە لە کلتورو ئەدەبیاتی ئیسلامیشدا شتێکی نوێ نیە، قورئان تەنها داوای جوڵەو کاری زۆر ناکات، بەڵکو داوای جوان ئاراستەکردنی وزەو تواناکان دەکات، قورئان دەفەرموێ: ( فآستبقوا الخیرات / کێ بەرکێ لە چاکەکاندا بکەن)، قورئان نافەرموێ: کێبەرکێ لە کارەکاندا بکەن، واتە چاکە ئەو کارو کردەوەیەیە نرخ و سەنگ و قورسایی ببێت و، سوود ببەخشێ و، شایەنی ئەوە بێت مرۆڤ تەمەنی خۆی لە پێناویدا بکاتە قوربانی.

ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە: زۆربەی خەڵک (کارە بەپەلەکان ) و (کارە گرنگەکان) تێکەڵ دەکەن، بۆ نمونە: ئەو نامەیەی ئێستا دەگات دەکرێ وا دەرکەوێ بەپەلەو خێرا بێت، بەڵام مەرج نیە گرنگ بێت، کۆبونەوەیەک لە ڕۆژێکدا دەکرێ دوو کاژێر بخایەنێت، بەڵام ناتوانێ ئیزافەیەکی نوێ بخاتە سەر پرۆژەی ژیان… لە بەرانبەردا (خوێندنەوەی قوڵ)، و (پەروەردەی مناڵ) ، و (داهێنان و بەرهەم هێنانی بیرۆکەی ناوازە) … ئەمانە کارو کردەوەو چالاکیەکن کە ڕاستە هەموو بەرەبەیانێک بەڕووماندا ناتەقنەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە چارەنووسی مرۆڤ دروست دەکەن.

ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هەمیشە دەستکەوتە گەورەکان بەدرێژایی مێژوو بەرهەمی ژیانێکی جەنجاڵ نەبوون، بەڵکو بەرهەمی ژیانێکی ڕێکخراو بوون، سەرنج بدەن.. پێشەوا شافیعی لەبەر ئەوە نەبووە پێشەوای مەزهەب چونکە لەخەڵکی تر زیاتر جەنجاڵ و سەرقاڵتر بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو زانی چۆن کاتەکانی بپارێزێت.. پێشەوا نەوەوی بە تەمەنێکی کەمەوە توانی کلتورێکی زانستی گەورە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵێت، نەک لەبەر ئەوەی کاتێکی زیاتری لەخەڵکی تر لەبەردەست بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو زۆر جوان ئاراستەی هەموو ئەوکاتانەی دەکرد کە لەبەردەستیدا بوون.. بۆیە دەکرێ بڵێین: مەترسیدارترین شتێک کە (بێ ئاگایی و شپرزەیی) لە مرۆڤی دەدزێت ڕۆژێک و هەفتەیەک نیە، بەڵکو ئەوەیە (شپرزەیی و بێ ئاگایی) دەتوانێ پرۆژەیەکی درێژخایەن بنیات بنێت، چونکە هەرگیز دەستکەوتەگەورەکان لەدایکبووی کارو جوڵە شپرزو تێکەڵ و پێکەڵەکان نین، بەڵکو بەرهەمی هەوڵ و کۆششه بچوکە بەردەوامەکانن، کە ڕۆژانە بەئاراستەیەکی دروست و سەرکەوتوو ساڵانێکی درێژ دووبارە دەبنەوە.

بێ گومان ئەو پرسیارەی شایەنی ئەوەیە ببێتە دەستپێکی ئەم ڕۆژەمان ئەوە نیە: من ئەمڕۆ چی دەکەم؟ بەڵکو ئەو کارە چیە کە ئەگەر من پێنج ساڵ لەسەری بەردەوام بم ژیانمی پێ دەگۆڕێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە جیاوازی نێوان دوو کەس دەردەخات کە یەکێکیان تەنها ڕۆژەکانی بەڕێ دەکات و، ئەوی تریش تەمەنی خۆی بنیات دەنێت..

من دڵنیام مرۆڤ شکست ناهێنێت تەنها لەبەرئەوەی کارو جوڵەی کەمە، بەڵکو لەبەرئەوە شکست دەهێنێت کە تەمەنی بەسەر کارە زۆرەکاندا دابەش کردووە، کە نە پرۆژەیەکیان لێ دروست دەبێ، نە پەیامێکیان لێ بەرهەم دێت.. بەڵام ئەوانەی کە شوێنەروارو جێ دەست لەژیاندا بەجێ دەهێڵن، ئەوانەن کە ئازاو بوێرن لە هەڵبژاردنەکەیاندا، ئازاو بوێرن لەوازهێنان لەوەی سەنگ و قیمەت و بایەخی ئەوتۆی نیە، لەپێناو شێکی تری شایستەدا کە شایەن بێ ژیانی پێ بەخشرێ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 78 Today: 2,161 📊 Click Here