بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندوستی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان بەسەرکەوتوویی لە نەخۆشخانەی شار ئەنجام درا.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تیمێکی پزیشکی نەخۆشخانەی شاری فریاکەوتنی فێرکاری توانیان بەسەرکەوتوویی نەشتەرگەری گۆڕینی تەواوی جومگەی شانی ڕاست بۆ نەخۆشێک ئەنجام بدەن کە ماوەیەکی زۆر بوو دەیناڵاند بە دەست ئازاری توندی جومگەی شانییەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە نەخۆشەکە بەهۆی داخورانی جومگەی شانییەوە نەیدەتوانی کاروباری ڕۆژانەی بە باشی ڕاپەڕێنێت و بە ئارامی پشوو بدات و بخەوێت.
ڕاشیگەیاند، نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان بەسەرپەرشتی د.عەبدوڵا کەمال، پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و جومگە و شکاوی بە هاوکاری ستافی پزیشکی و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار ئەنجام درا و دۆخی تەندروستی نەخۆشەکە زۆر باشە و ڕەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
تەندروستی سلێمانی ڕاشیگەیاند، ئەوە یەکەمجارە نەشتەرگەری ناوازەی گۆڕینی جومگەی شان بەتەواویی لە نەخۆشخانەیەکی حکومی پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت لەلایەن پزیشکانی ناوخۆیی بەبێ سەرپەرشتیکردنی پزیشکانی بیانی.
ڕوونیشیکردەوە کە نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی شان بەراورد بە گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و جومگەی حەوز، نەشتەرگەریەکی نوێیە لە جیهان و تازە برەوی پێدراوە و خۆشبەخاتە پزیشکانی کورد دەتوانن ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەن و نەخۆش ناچار نییە سەردانی دەرەوەی وڵات بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە.














Leave a Reply