محمد سيامند ئيمام
گۆڕەپانێکی زۆرانبازیی کە تێیدا سێ کۆمەڵە گورگ خەریکی شەڕن لەسەر ئەوەی کێ زووتر و زیاتر پارچەیەک لە گۆشتی ئەو مەڕە بریندارە ببات کە لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا بەجێهێڵراوە، لەکاتێکدا هەرسێکیان بە دەنگی بەرز باسی پاراستن و خەمخۆری بۆ مەڕەکە دەکەن ! لێرەدا کێشەکە ئەوە نییە کە کێ دەیباتەوە، بەڵکو کارەساتەکە ئەوەیە کە چارەنووسی مەڕەکە لە هەموو حاڵەتێکدا تەنها مەرگ و پارچەپارچەبوونە ! ئەمە ڕێک واقیعی ناوچە جێناکۆکەکانە لە نێوان حوکمڕانیی هەولێر و بەغدادا؛ ناوچەیەک کە بووەتە مەیدانی شەڕی داهات و هەژموون، کە تێیدا حکومەتی بەغدا دەیەوێت بەناوی سەروەرییەوە کۆنترۆڵی بکات، نوخبەی حوکمڕانی هەولێر بۆ تاڵانکردنی نەوت و دەروازە سنوورییەکان دەیانەوێت، و میلیشیاکانیش بۆ دروستکردنی ئابووریی سێبەر و سەپاندنی هێزی تاریکی خۆیان چەکی تێدا نمایش دەکەن !
لە سایەی ئەم سێگۆشە وێرانکەرەدا، هاوڵاتیی سادەی کەرکووک و خانەقین و شنگال، بوونەتە دیلی قەیرانی دروستکراو و پەڕاوی ساختە. کاتێک دەسەڵاتداران لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان باسی نیشتمانپەروەری دەکەن، لە ڕاستیدا تەنها خەریکی بەشبەشێنەی داهاتی قاچاخی سنوور و نەوتی دزراون لەسەر حسابی خوێن و ئارەقەی ئەو خەڵکەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی تیرۆری دەروونی و فڕاندنی سیاسی دەبنەوە. ئەوان ناوچە جێناکۆکەکانیان کردووەتە کۆمپانیایەکی زەبەلاح کە تێیدا پەرلەمانی بێدەنگکراو و حکومەتی ئیفلیجکراو تەنها بۆ شاردنەوەی ئەم تاڵانییە گەورەیە کار دەکەن.
وەکو بۆچوونى خۆم : “ڕاستییەکان بەتەنها دەنگ هەڵنابڕن، بەڵکو پێویستیان بە گێڕانەوەیەکی کۆمەڵایەتیی پەسەندکراو هەیە بۆ ئەوەی بڵاو ببنەوە و ببنە جێی باوەڕ” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە ئیمپراتۆریەتە کۆلۆنیالیستەکان بۆ داگیرکردنی ناوچەکان پەیڕەویان دەکرد، کاتێک بە ناوی هێنانەدیی ئاشتی و شارستانییەتەوە دەچوونە ناو وڵاتانەوە، بەڵام لە واقیعدا تەنها بۆ دزینی سامان و چەوساندنەوەی گەلەکانیان بوو ! ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستانیشدا هەمان شانۆگەریی چەواشەکارانە لەسەر دەستی ئەم مافیا سیاسییانە دووبارە دەبێتەوە؛ میدیای سێبەر شەو و ڕۆژ خەریکی دروستکردنی گێڕانەوەی ساختەن کە گوایە خەمی خاک و خەڵکیانە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، ئەوەی دەگوزەرێت تەنها قۆرخکاری بازاڕ، ئەشکەنجەدان، و دابەشکردنی خەزێنەی گشتییە لە نێوان ئەو هێزە چەکدارانەی کە یاسایان خستووەتە ژێر پێڵاوەکانیانەوە !
لێرەدا، سەروەریی نیشتمان هیچ مانایەکی نییە کاتێک چارەنووسی هاوڵاتییەک دەکەوێتە دەست میلیشیا و هێزە ئەمنییەکانی حیزب کە دادگاکانی کارتۆنی وەک قەڵغان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکاردەهێنن. خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان نەک هەر خزمەتگوزاری و کارەبا و مووچەیان لێ زەوت کراوە، بەڵکو بوونەتە بارمتەیەک کە هەر کاتێک سەرکردە تاڵانچییەکان پێویستیان بە قەیران بێت، بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دەدەنەوە. ئەوان بوونەتە ئامرازی زۆرانبازیی نێوان دوو دەسەڵاتی گەندەڵ کە هەردووکیان لە مژینی خوێنی هەژاراندا هاوبەشن.











Leave a Reply