مەولود حەسەن مەحموود
گەورەترین شکستی کۆمەڵگەیەک نەک لەدەستدانی ملیارەها دۆلاری سامانەکەی، بەڵکو لەدەستدانی توانای سەرسامبوون بێت لە ئاست گەندەڵیدا؟ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، کاتێک باسی گەندەڵی دەکرا، وەک کارەساتێکی نیشتمانیی گەورە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئایندەی عێراق تەماشا دەکرا؛ بەڵام دوای زیاتر لە دوو دەیە، ئاشکرابوونی دۆسێیەکی نوێی دزین یان بەرپابوونی ئابڕووچوونێکی تری دارایی، بەستڵەکی بێدەنگیی شەقام دەستکاری ناکات و کەمترین دەنگدانەوە دروست دەکات. لەم دۆخەدا، مەترسییە ڕاستەقینەکە بە تەنیا لە دەستچوونی سەروەتی گشتی نییە،
بەڵکو دەستپێکردنی قۆناغێکی وێرانکەرترە کە تێیدا هاووڵاتییان گەندەڵی وەک دیاردەیەکی سروشتی و ئاساییی ناو جومگەکانی حوکمڕانی قبوڵ دەکەن. کاتێک بەرتیلدان، تەزکیەی حیزبی، کۆنتراکتی گوماناوی، و پارێزگاریکردن لە بەرپرسە گەندەڵەکان دەبنە تاقە ئامراز بۆ ڕاپەڕاندنی کارە ڕۆژانەیییەکان، چیتر یاسا و دادپەروەری مانای خۆیان لەدەست دەدەن و دیاردەی “ئاوها کارەکان دەڕۆن” جێگەی یاسامەندبوون دەگرێتەوە. وەک تەنزێکی تاڵ لەسەر ئەم ڕاهاتنە ترسناکە دەبێت بڵێین: “گەورەترین سەرکەوتنی گەندەڵی لە عێراقدا ئەو سامانە خەیاڵییە نەبوو کە دزی، بەڵکو ئەوە بوو کە توانی وا بکات چیتر هیچ کەسێک لە ئاستیدا تووشی سەرسوڕمان نەبێت!
” کاتێک کارگێڕیی دەوڵەت و هۆشیاریی گشتی دەگەنە ئەم ئاستەی ئاساییبوونەوە، دادپەروەری تووشی ئیفلیجیی یەکجارەکی دەبێت؛ چونکە مەترسیدارترین قۆناغ لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا کاتێک دەست پێ دەکات کە گەندەڵی لە تاوانێکی گەورە و ئابڕووبەرەوە دەگۆڕێت بۆ دەنگێکی پاشخانی بێزارکەر بەڵام ئاسایی کە هەموان پێی ڕاهاتوون و قبوڵیان کردووە.











Leave a Reply