قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەكات و زیاتر لە 7 هەزار و 500 فەرمانبەر بە تیروپشک زەوی وەردەگرن.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكاندا تا ئێستا زیاتر لە 600 هەزار فەرمانبەر ناویان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی گەڕاوەتەوە و وەزارەت و فەرمانگەكان و لەلایەن شارەوانی ناو شار و قەزا و ناحییەكانەوە بەپێی كارتی زانیاری فەرمانبەران زەوییەكان دابەش دەكرێن.
كارزان هادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، تیروپشک بۆ 7 هەزار و 500 پارچە زەوی بكرێت بۆ فەرمانبەرانی سەنتەری پارێزگای هەولێر و زەوییەکان دەکەونە بەرحوشتر، جێژنیكان، گردەچاڵەوە.
ئەوە قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوییە، كە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە سنووری خۆی كاری لەسەر دەكات. قۆناغەكانی پێشوو تایبەت بوون بە زەوییەكانی ئاشۆكان و گردەچاڵ، ئێستە وردبینی بۆ ناوەكان دەكرێت و لە داهاتوودا زەوییەكە بە سەنەدی تاپۆ بە شێوەی یاسایی دەدرێتە فەرمانبەران.
بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی، هەموو ئەو ئەو فەرمانبەر و هێزە ئەمنی و پێشمەرگانەی ناویان لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و 8 خاڵ زیاتریان هەیە بەو مەرجەی پێشتر سوودمەند نەبووبن، زەوییان پێ دەدرێت.
