وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بڵاوی كردەوە، بە دروشمی (کوردستان لانکەی پێکەوەژیانە)، مەسعود بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی ئیسلام و پێکھاتە ئایینییەکانی دیكەی کوردستان كۆبووەوە و وتی: “پڕ بەدڵ سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم، کە خۆڕاگر بوون بەرامبەر زوڵمی بڕینی بژێوی ژیانیان.”
ئەمڕۆ شەممە 18ـی 10ـی 2025، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، كە بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە بەشداری مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێکھاتە ئایینییەکانی تری کوردستان، کۆبونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو.
بارزانی لە وتەیەكدا، وتی: “فەرھەنگی پێکەوەژیان لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بەیەکەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیھانداوە، ئەم فەرھەنگە زۆر خزمەتی کوردستان و مێژووەکەشی کردووە، تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازیی لەنێوان خۆماندا بکەین، ئومێدەوارین ئەم فەرھەنگە بەردەوام بێ و زیاتر بچەسپێت.”
وتیشی: “پلانی زۆر دژی ئەم كوردستانە دروست دەکرێت، بەدرێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرامبەر ھەموو ئاڵگناریەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان.”
بارزانی ڕاشیگەیاند، “دوژمنان بەھەموو ڕێگایەک دەیانەوێ کەلتووری ڕەسەنی کوردەواری تێک بدەن و بەزۆر ڕێگای جیاواز دێنە نێو ئاداب و کەلتووری ڕەسەنی کوردەوارییەوە، بەڵام پشت بە خودا و یەکبوونی میللەتی كورد ئەم ھەنگاوە نامۆیانە لەناو دەبەین.”
لەبارەی دۆخی ناوخۆییەوە بارزانی وتی: “ئومێدەوارین حکومەتی کوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێک بێت، کاری جددیشی لەسەر كراوە.”
لەبارەی ماددە هۆشبەرەكانیشەوە، سەرۆک بارزانی بە مەترسییەكی جددی بۆ سەر كۆمەڵگە و داهاتووی گەنجی كوردی ناو برد، بۆ ئەو مەبەستەش ڕووی لە مامۆستایانی ئایینی و پێكهاتە ئایینییەكانی دیكە كرد، كە بەرەنگاری ماددە هۆشبەرەكان ببنەوە و هۆشیاری بڵاو بكەنەوە، كە كار لەسەر تێكدانی كۆمەڵگە دەكرێت.
هەڵبژاردن، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان بوو، وتی: “ھەموو کەسێک ئازادە لەدەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێ کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، وێڕای ئارامی و تەناهی بەبێ جیاوازی، پڕۆژەی ئاو، كارەبا، ڕێگاوبان و ..هتد.”
بارزانی دەشڵێت: “پڕ بەدڵ سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم، کە خۆڕاگر بوون بەرامبەر زوڵمی بڕینی بژێوی ژیانیان، سەرەڕای ھەموو تێبینییەک، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی کوردستان بەشداریی ھەڵبژاردنمان کردووە.”
